پارێزگارى كهركوك لهڕێگهى نوسراوێكى فهرمیهوه ڕایگهیاند، "لەئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شارو قەزاو ناحیەو گوندەکانی دەوروبەر، وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک ھەژماردەکرێن"، ئەندامێكى ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی یەکێتیش هاتهدهنگو دهڵێت:"نوسراوەکەی ڕاکان جبوری بۆ ئەوەی ئاوارەکان بکرێنە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە پوچەڵدەکرێتەوە".
د.ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی یەکێتی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، نوسراوەکەی پارێزگاری بەوەکالەت کە فەرمانی بەدامەزراوەکان کردوە سەرجەم ئاوارەکان وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک بناسێنرێنو چیتر ناوی کۆچبەریان لێنەنرێ پوچەڵدەکرێتەوە.
وتیشی:"بەگوێرهى دواین ئامار، 92 ھەزارو 640 ئاوارەی خواروی عێراق لەکەرکوک ھەیەو بۆ ئەو مەبەستەش پەوەندییان بەوەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراقەوە کردوەو بڕیاریشە بەزوترینکات نوسراوی پوچەڵکردنەوەی نوسراوەکەی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بڵاوبکرێتەوە".
بەگوێرهى نوسراوەکەی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، لەئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شارو قەزاو ناحیەو گوندەکانی دەوروبەر، وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک ھەژماردەکرێن، چونکە ھەموو بەڵگەنامەیەکی ڕەسمییان لەفەرمانگە ڕەسمییەکانی کەرکوک بۆ دەرکراوەو لەئێستا بەدواوە وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.