پەرلەمانتارێك: هەرێم پابەند نەبووە بەرادەستكردنی داهاتی نەوت و داهاتەكانی دیكە بەبەغدا
  2024-03-11       324       

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: هەرێمی كوردستان پابەندنەبووە بە رادەستكردنی داهاتی نەوت وداهاتەكانی دیكەی ناوخۆ بە حكومەتی بەغدا، ئەمەش خەرجیەكی دیكە بۆ عێراق زیاد دەكات.

نازم شەبلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: پێشتر حكومەتی عێراق پێشوەختە موچەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرد بەشێوەی پێشینە، هەروەها بەردەوام بو لەسەر ناردنی پێشینەكان، چونكە كێشەكە هێشتا لەبنەڕەتدا چارەسەر نەكراوە، بەتایبەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی لەداهاتی نەوت وداهاتی نانەوتی ڕادەستی حكومەتی ناوەندی نەكردوە.

وتیشی: بنەڕەتی ئەو بودجەیەی كە لە ساڵی 2023 دروستكرا بۆ ئەوە بوە هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام ئەمە ڕوینەدا، دواتریش داهاتەكانی دیكەی ناوخۆیی رادەستی بەغدا نەكران، بۆیە حكومەتی عێراق، بەشێوەی قەرز موچە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەمەش خەرجی بەكاربەر لەسەر حكومەتی عێراق زیادی كردوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە: بڕیار نییە ناكۆكی وكێشە سیاسییەكان لەموچەی فەرمانبەراندا ڕەنگبدەنەوە، ئەمەش بەڵێنێكە حكومەتی عێراق پێوەی پابەند دەبێت.

شەبلی ئاشكرایكردوە: چیرۆكێكی گەورەتر لەم دۆسیەیەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە فەرمانبەرانی هەرێم كێن؟ ئایا ئەم ژمارەیە و ئەو بڕە پارەیەی دەنێردرێت بۆ فەرمانبەرانە؟ چونكە ناڕونی لەزانیارییەكان هەیە و گومان دروست دەكات وخۆ ئەگەر ژمارەكان راستەقینە بن ئەوا ئەركی بەغدایە موچە دابین بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×