دادگای توركیا بڕیاریدا بە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرێكی سیاسی كورد بۆ ئێران
  2024-03-11       274       
بیژەن مورادی، چالاكوانی سیاسی كوردی خەڵكی شاری كامیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان

دونیا مەولودزادە، هاوسەری بیژەن مورادی، پەنابەرو چالاكوانی سیاسی كوردی خەڵكی شاری كامیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایكرد، دادگای توركیا بڕیاریداوە بە دیپۆرتكردنەوەی بیژەن و رادەستكردنەوەی بە ئێران كە ئەوەش گیانی دەخاتە مەترسییەوەو داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات هاوكارییان بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی دادگا.

ئاوێنە: دونیا مەولودزادە، هاوسەری بیژەن مورادی، پەنابەرو چالاكوانی سیاسی كوردی خەڵكی شاری كامیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە پەیامێكدا ڤیدیۆییدا رایگەیاند، چەند مانگێك لەمەوبەر كاتێك لەگەڵ بێژەن مورادی بۆ گەیشتن بە یۆنان لە توركیاوە بەڕێكەوتون، لە سنورەكانی توركیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ كەمپی ئەدرنە لە پارێزگای هاتای.

دونیا ئەوەشی خستۆتەڕو، لەدوای 70 رۆژ لە دەستبەسەریی، من لەو كەمپە ئازادكرام، لەگەڵ ئەوەی یەك پارێزەری هاوبەش و یەك دۆسیەی تەواو هاوشێوەمان هەبو، بەڵام رێكارەكانی بەرەپێشچونی دۆسیەكەی بیژەن چەندین جار دواخران، ئەوەش وایكرد ئەو لە كەمپی ئەدرنەوە بگوازنەوە بۆ كەمپی مالاتیا.

ئاشكراشیكردوە، ئەمڕۆ لەدوای تێپەڕبونی 125 رۆژ بەسەر دەستگیركردنی بیژەن مورادی-دا لەلایەن فەرمانگەی كۆچی توركیاوە، پارێزەرەكەی بیژەن پەیوەندی پێوە كردم و پێی وتم، دادگا بڕیاریداوە بە دیپۆرتكردنەوەی بیژەن و رادەستكردنەوەی بە كۆماری ئیسلامی ئێران.

جەختیشی كردۆتەوە "بیژەن لە حاڵەتی دیپۆرتكردنەوەی بە ئێران، گیان و ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە"، بۆیە "داوا لە تەواوی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و تەواوی مرۆڤە ئازادیخوازەكان دەكەم، هاوكارمان بن لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی بیژەن مورادی و ببنە دەنگی بیژەن مورادی. لە هەموان داواكارم رێگەنەدەن بیژەن مورادی، كە ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، رادەستی ئێران بكرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×