وەزارەتی دارایی عێراق: دەستكرا بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم
  2024-03-11       319       

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان كردوە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چین و توێژەكانی دیكەی موچەخۆران.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران و بەڕەزامەندی وەزیری دارایی و لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەستمان كرد بە ناردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینانی مەدەنی و شارستانی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و گرێبەستەكان و هەروەها شایشتەكانی فەرمانگەكانی هەرێم، ئەوەش لە چوارچێوەی تەرخانكراوە داراییەكان بۆ مانگی شوبات.

وەزارەتی دارایی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە بە دادگای فیدراڵییان راگەیاندوە، تەنیا بۆ ئەم مانگە بەو شێوەیە پارە دەنێرن و موچەی مانگی ئادار لەدوای تەواوكردنی پێداویستییەكانی بە نیشتمانیكردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن هەرێمەوە، دەدرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی یاسایی راستی و وردی ئەو زانیاری و داتایانە لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی چاودێری و یاسادا لە ئەستۆ دەگرێت كە پێشكەشی كردون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×