لایەنە مەسیحییەكان بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان راگەیاند
  2024-03-11       505       

لایە سیاسییەكانی مەسیحییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بەهۆی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ لابردنی كورسییەكانی كۆتای پێكهاتەكان، بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان راگەیاند.

ئاوێنە: لایە مەسیحییە ئەرمەنی و ئاشوری، كلدانی و سریانەكان كە پێكهێنەری هاوپەیمانی حاموڕابی، هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی و دەستەی سیاسی كلدانین، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ لابردنی كورسییەكانی كۆتای پێكهاتەكان، رایانگەیاند، ئەو ستەمەی لە پێكهاتەكان كراوە پێشێلێكارییەكی مەترسیداری مافەكانی مرۆڤ و مافی كەمینەو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هەنگاوێكی عەیبدارە بۆ لێدان لە پێكەوەژیان و پێشێلكارییەكی ئاشكرای دەستورە.

وتیشیان، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆتای پێكهاتەكان بەهۆی "هەڵەیەكی مێژویی برایانمان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" دەركراوە دژبە پێكهاتەكان.

لە كۆنگرەكەدا ئەوەشخرایەڕو، بەوهۆیەوە ئەرمەنەكان، كلدانەكان و سریانەكان و ئاشورییەكان لە پێكهاتەی مەسیحی ناتوانن ركابەرایەتی بكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستاندا، چونكە چڕی دانیشتوانی برایانی كوردمان زۆر زۆرە لە هەرێمی كوردستان و بۆیە بەهۆی نەبونی دەرفەتی پێویست لەڕوی ژمارەوەو هەڵوەشاندنەوەی كۆتایی تایبەت بە مەسیحییەكان، رایدەگەیەنن كە بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و بەشداری تێدا ناكەن.

ئەوەشیان وت"ئەوەش وەك رەتكردنەوەی تەواوەتیمان بۆ ئەو هەڵە مێژوییەی كە دادگای فیدراڵی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامیان داوە بە هەڵوەشاندنەوەی كۆتای پێكهاتەكانی كلدان، ئاشور، سریانی و ئەرمەن."

لەگەڵ ئەوەش وتیان، راگەیاندنی رەسمی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك مانای ئەوە نییە كە داوا لە گەلەكەمان بكەین بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكەن، بەڵكو ئێمە وەك باوەڕدارانی راستەقینە بە دیموكراسیەت، داوا دەكەین پەلەبكرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەپێناو پاراستنی ئەزمونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و نۆژەنكردنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×