نزیکەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
  2024-03-12       356       

وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، پێداویستییەكان بۆ گەڕانەوەی نزیكەی  ٥٣٣ خێزانی ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان كراوە، هەروەها ژمارەی ئەو كەسانەی ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەكەن، زیاد بووە.

عەلی عەباس جیهانگر، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی سەدان ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی پلانی نیشتیمانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سەرەتایی ئەمساڵەوە، وەزارەت سەرنجی زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی داوە، كە ئارەزوومەندن بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان دەكەن، لەم هەفتەیەدا نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارەی كامپەكانی هەرێم دەگەڕێننەوە زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ٣٤٣ خێزانی ئاوارەی دیكەی هەیە، كە ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان لە كامپەكانی (حەسەن شام و خەزەیر) لە پارێزگای هەولێر بۆ ناوچە ڕەسەنەكانیان دەكەن.

باسی لەوەشكرد، وەزارەت پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ڕەسەنەكانیان بە شێوەی وەجبەی یەك لە دوای یەك لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانیان بۆ ئامادەكرا بێت، هەروەها ڕەزامەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان وەرگیراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێداویستیەكانی گەڕانەوە بۆ نزیكەی ٧١ خێزانی ئاوارە لە كامپی (كبارتۆ) لە پارێزگای دهۆك ئامادەكراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناویان تۆماركرا بە خۆبەخشانە بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە كۆتایدا وتی: نزیكەی ١١٩ خێزانی ئاوارەی دانیشتووی كامپی تازەدێ لە شارۆچكەی كەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی ناویان تۆماركردووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×