وەزارەتی دارایی عێراق: بە تەنها پێشمەرگە و ئاسایش 40% ی كۆی گشتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پێكدەهێنن
  2024-03-12       669       

بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویكردۆتەوە هەرچی مووچە خۆرانی مەدەنی هەرێمە بە 37 وەزارەت و دەستەوە لەگەڵ خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و چاودێریی كۆمەڵایەتی موچەكەیان تەنها 568 ملیار دینارە،بەڵام بەتەنها مووچەخۆرانی سەربازی لە پێشمەرگە و ئاسایش مووچەكەیان 568 ملیار دینارە.واتە بەتەنها مووچەی پێشمەر گە و ئاسایش 40% ی كۆی خەرجی مووچەخۆرانی هەرێم پێكدەهێنێت بەمەرجێك، ئەم ژمارەیە هێشتا وەزارەتی ناوخۆی لەگەڵدا نییە كە مووچەكەیان 75 ملیارە و خانەنشینانی سەربازیشی لەگەڵدا نییە كە مووچەكەیان زیاتر لە 50 ملیار دەبێت.

بەم پێیە بێت كەمتر لە 50% ی خەرجی مووچە بۆ 37 وەزارەت و دەستەی مەدەنی و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی خەرج دەكرێت و زیاتر لە نیوەی مووچەی ئەم ووڵاتە بۆ هێزی چەكدار و ئەمنی دەڕوات.

حكومەتی عێراق بە چوار لیستی جیاواز بڕی 568 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.كە مووچەی 37 وەزارەت و دەستە و خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری كۆمەڵایەتی لەخۆ گرتووە.بەڵام هێشتا لیستی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایشی پەسەند نەكردووە و پێ‌ ناچێت بەغدا ئامادەبێت مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش بدات،بەو پێیەی لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە كراوە كە مووچەی مووچەخۆرانیانی هەرێمیان رەوانە كردووە.

دەنگۆی ئەوە هەیە كە بەغدا داوای ئەوەی كردبێت هەرێم لە داهاتی ناوخۆ مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش بدات كە نزیكەی 350 ملیار دینارە.بەو پێیەی هەرێم داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا نەگەڕاندۆتەوە و بەپێی یاساكە دەبێت داهاتەكانی بگێڕێتەوە بۆ بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×