10 حزب و لایەنی سیاسی تورکمانی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ین
  2024-03-12       278       

نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان رایانگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 10ی 6ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، دەشڵێن، "داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ هانای توركمانه‌وه‌ بێن".
 
نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند، "جارێكی دیكه‌ نه‌یارانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیان به‌بێ ئه‌وه‌ی عیبره‌ت له‌ مێژو وه‌ربگرن ده‌ستیان داوه‌ته‌ تێكدانی شیرازه‌ی پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان، دادگای فیدڕاڵی و یه‌كێتی نیشتیمانی به‌و بڕیاره‌ بێپاساو و زاڵمانه‌یان له‌ بێبه‌شكردنی پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی كوردستان له‌ موماره‌سه‌ی مامه‌فه‌ دیموكراسییه‌كانیان برینێكی قوڵیان خستوه‌ته‌ نێو تاك به‌ تاكی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان،  مێژو و خه‌ڵكی كوردستان به‌ شاهێد ده‌گرین بۆ ئه‌م سته‌مه‌یان".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، نیگه‌رانی خۆیان په‌یوه‌ست به‌ نه‌مانی كورسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌ و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "بڕیاره‌كان ته‌واو ناده‌ستورین و هۆكاری سیاسیان له‌ پشته‌وه‌یه‌ و نه‌هێشتنی كۆتاكان له‌ په‌رله‌مان ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه‌ تیایاندا كورسی وه‌كو كۆتا بۆ پێكهانه‌كان ته‌رخانكراوه‌".

داواكارین له‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هه‌مو نوێنه‌ری وڵاتان  رۆڵی خۆیان بگێڕن 
هه‌روه‌ها هاتوه‌، "داواكارین له‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هه‌مو نوێنه‌ری وڵاتان و كونسوڵ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌نی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رۆڵی خۆیان بگێڕن و نه‌یه‌ڵن ئه‌و سته‌مه‌ له‌ رێگه‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵیه‌وه‌ ده‌رچوه‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌كان بسه‌پێنرێت".

نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نانه‌ی حزبه‌ توركمانه‌كان ده‌شڵێن، "داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ هانای توركمانه‌وه‌ بێن و نه‌یه‌ڵن مافه‌ ده‌ستوریه‌كانمان پێشێل بكرێن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "بڕیارمانداوه‌ به‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان تا ئه‌وكاته‌ سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

21ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریدا نه‌مانی 11 كورسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×