نەوەی نوێ بۆ حكومەتی هەرێم: داتاكانتان دورن لە راستییەوەو پارەی پێویست بۆ موچە لەبەردەستە
  2024-03-12       244       

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەو داتایانەی ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە بڵاوكراونەتەوە دورن لە راستییەوەو پارەی پێویست بۆ موچە لەبەردەستدایەو داواش دەكات دەستبەجێ موچەی تەواوی فەرمانگەكان بدرێت.

ئاوێنە: جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێدا وتی"تەواوی داتاکانی حکومەتی کاربەرێکەر و وەزارەتی دارایی دورن لە ڕاستییەوە و پارەی پێویست بۆ موچە لە بەردەستدایە."

جوڵانەوەكە وتویەتی"سەرەڕای ئەو سەدان ملیار دۆلارەی بەرپرسانی هەرێم لە 33 ساڵی رابردو دزیویانە، کەچی ئەمڕۆ ئەم حکومەتە کاربەرێکەرە بەیاننامەیەکی بەناوی وەزارەتی داراییەوە بڵاوکردۆتەوە گوایە حکومەت پێویستی بە 950 ملیار دینارە بەڵام بەغدا 570 ملیار دیناری ناردوە و ئەوەش بەشی موچە ناکات."

نەوەی نوێ پرسیویەتی"چۆن پارەی موچە لە 918 ملیارەوە چۆتە 950 ملیار؟ مانگی پێشو پارەی پێویست بۆ موچە  918 ملیار دینار بوە؟! بۆچیی ئەم مانگە بوە بە 950 ملیار؟"

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەدان ملیار دینارە بەوتەی خۆتان؟ بۆ نایخەنە سەر پارەکەی بەغداو موچەی فەرمانبەرانی پێ بدەن؟ ئەی کوا پارەی هاوپەیمانان کە موچەی وەزارەتی پێشمەرگەی گرتۆتە ئەستۆ؟"

جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی كردۆتەوە "ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تەواوی ئەو زانیارییانەی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم رەتدەکەینەوەو بە خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین کە پارەی پێویست لەبەردەستدا هەیەو پێویستە دەستبەجێ موچەی تەواوی فەرمانگەکان بدرێت."

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، بۆ موچەی مانگی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا تەمویلی موچەی لەسەدا 59ی كۆی گشتی موچەی هەرێمی كردوەو بەوەش لەسەدا 41ی موچەخۆرانی هەرێم بێبەشكراون لە موچەكانیان و کورتهێنان لە پێدانی موچەی هەرێم بە نزیکەی 390 ملیار دینار دروست دەبێت و "گرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی بەشێکی زۆری موچەخۆران و دروستکردنی فەرق و جیاوازی لەنێوان موچەخۆران."

دەقی راگەیەندراوەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

تەواوی داتاکانی حکومەتی کاربەرێکەر و وەزارەتی دارایی دورن لە ڕاستییەوە و پارەی پێویست بۆ موچە لە بەردەستدایە

سەرەڕای ئەو سەدان ملیار دۆلارەی بەرپرسانی هەرێم لە ٣٣ ساڵی رابردو دزیویانە، کەچی ئەمڕۆ ئەم حکومەتە کاربەرێکەرە بەیاننامەیەکی بەناوی وەزارەتی داراییەوە بڵاوکردۆتەوە گوایە حکومەت پێویستی بە ۹٥٠ ملیار دینارە بەڵام بەغدا ٥۷٠ ملیار دیناری ناردوە و ئەوەش بەشی موچە ناکات. بۆیە دو خاڵ بۆ هەمو لایەک رون دەکەینەوە :

‏‎یەکەم: چۆن پارەی موچە لە ۹۱۸ ملیارەوە چۆتە ۹٥٠ ملیار؟ مانگی پێشو پارەی پێویست بۆ موچە  ۹۱۸ ملیار دینار بوە؟! بۆچیی ئەم مانگە بوە بە ۹٥٠ ملیار؟

‏‎دوەم: کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەدان ملیار دینارە بە وتەی خۆتان؟ بۆ نایخەنە سەر پارەکەی بەغداد و موچەی فەرمانبەرانی پێ بدەن؟ ئەی کوا پارەی هاوپەیمانان کە موچەی وەزارەتی پێشمەرگەی گرتۆتە ئەستۆ؟

بۆیە ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تەواوی ئەو زانیارییانەی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم رەتدەکەینەوە و بە خەڵکی کوردستان رادەگەێنین کە پارەی پێویست لەبەردەستدا هەیە و پێویستە دەستبەجێ موچەی تەواوی فەرمانگەکان بدرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ

٢٠٢٤/٣/١٢

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×