پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بەغدا موچەی تەواوەتی بنێرێت
  2024-03-13       512       

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو پارەەی لەلایەن بەغداوە بۆ موچەی مانگی شوبات نێردراوە 300 ملیار دینار كورتهێنانی هەیەو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم "بەتەواوەتی" بنێردرێت. دەشڵێت، پاشەكشە لە پڕۆژەی هەژماری من ناكەین و پلانمان هەیە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كرد.

بەپێی قسەی پێشەوا هەورامانی لە تەوەرێكی كۆبونەوەكەدا باس لە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوەو وتی"ئەوەی ئێمە لەوبارەیەوە هەستمان پێكردوەو پێشتر ئاماژەمان پێكردوە ئەوەیە كە نیەتێكی باش لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان نییە، هەر كەسێكیش نیەتی باشی لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبێت دژایەتی دەكەن و روبەڕوی دەوەستنەوە."

وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەختی كردەوە كە "خەڵكی هەرێمی كوردستان نە دیلە نە بە دیل گیراوە كە بەغدا بە ئارەزو و میزاجی خۆی هەر مانگەو شێوازو بڕێكی جیاواز بۆ موچە بنێرێت بۆ هەرێم و یاری بە هەست و سۆزی خەڵكی هەرێم بكات."

وتیشی: "لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان نابین، ئەو بڕە پارەیەی کە نێدراوەو دەیانەوێـ ئێمە بیدەینە موچە زیاتر لە 300 ملیار کورتهێنانی هەیە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەریم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە پەیوەندیدایە كە دەبێت تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرن.

جەختیشی كرەوە،" لە هیچ یاساییەک موچە بەو شێویە نەنێردراوە، ئەو کورتهێنانە لە موچە هەیە دەبێت پڕ بکرێتەوە".

وتیشی، ئەو پارەیە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام دەستی لێ نەدراوە.

پێشەوا هەورامانی لەبارەی پڕۆژەی هەژمارەی من رایگەیاند، تا ئێستا زیاترە لە 240 هەزار فەرمانبەر لەو پڕۆژەیەدا بەشداربونە، پلانی حکومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەر کارتی بانکی خۆیان هەبێت، ئەو بانکانەی لەناو لیستی هەژماری من هەن هیچیان لەناو لیستی رەشی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا نین.

ناوبراو راشیگەیاند، "حکومەت دەیەوێت لە رێگەی (هەژماری من) تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 19 خزمەتگوزاری بانکی سودمەندبن، ئەوە پڕۆژەی حکومەتی فیدراڵی لە یەک خزمەتگوزاری بانکی سودمەند نابن، دژایەتی هەژماری من بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی قاچاغی و پارە سپیکردنەوە نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکشە ناکات لە پڕۆژەی هەژماری من".

پێشەوا هەورامانی، لەبارەی لیستی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وتی: ئەو پارەی کە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی دەستی لێنەدراوە چونکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیوەندییدایە لەگەڵ سەرۆک ویزیرانی عێراق كە "دەبێت ئەو پارەیە بە تەواوی بنێردرێت."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی وت"هێزی پێشمەرگە لە پێداویستی سەربازی و موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێبەش کراوە، لەکاتێکدا هێزی نایاسایی و لە یاسا دەرچو پارەیەکی زۆریان بۆ دابین دەکرێت."

ناوبراو لە درێژەی لەبارەی دادگای فیدراڵیدا ئەوەی ئاشکراکرد، دادگای فیدراڵی لە دو ساڵی رابردودا زیاتر لە هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردوە، دادگای فیدراڵی لە بری حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات، هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی سیاسین و دژی دەستوری عێراقن، هەروەها لە ئێستادا لە بەغدا هەمو لایەک بونەتە حاکم بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان.

بەقسەی وتەبێژی حكومەت "هەرێمی کوردستان لاواز نییە و خۆی رادەستی ئەو ئیرادەیە ناکات کە دەیەوێت ئەو هەرێمە بچوکببێتەوە، هیچ کاتێک دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی ئەو هەرێمە نابین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×