عەفرین؛ مێردمنداڵێكی كورد لەلایەن عەرەبێكی هاوردەوە دەكوژرێت
  2024-03-13       378       
وێنەی ئەو مێردمنداڵەی كە كوژراوە

لە شارۆچكەی جندرێس-ی سەربە عەفرینی رۆژئاوای كوردستان عەرەبێكی هاوردە، مێردمنداڵێكی كورد دەكوژێت و تەرمەكەی دەخاتە نێو بیرێكی ئاوەوە، ئەوەش كاردانەوەی خەڵكی عەفرینی لێكەوتەوەو دەستیان بە خۆپیشاندان كرد.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، عەرەبێكی هاوردە كە خەڵكی ئیدلیبی سوریایە، لە شارۆچكەی جندرێس بە چەقۆ مێردمنداڵێكی كوردی بەناوی ئەحمەد خالید كشتوە كە تەمەنی 16 ساڵان بوەو تەرمەكەی خستۆتە ناو بیرێكی ئاوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی رێكخراوەكە، ئەو هاوڵاتییە عەرەبە لە نانەواخانەیەك كە خاوەندارێتییەكەی بۆ باوكی كوژراوەكە دەگەڕێتەوە كاری كردوەو چەند رۆژێك لەمەوبەر لەسەر كێشەیەك وازی لە كارەكەی هێناوە.

بكوژەكە ناوی "یامن ئەحمەد ئیبراهیم"ەو لەدایكبوی ساڵی 2006ی ناوچەی ئیدلبی سوریایەو لە ئێستادا نیشتەجێی شارۆچكەی جندرێسە.

ئاژانسی نۆرس پرێس كە روداوەكانی رۆژئاوای كوردستان و سوریا روماڵ دەكات، بڵاویكردۆتەوە لەكاردانەوەی ئەو روداوەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەدان هاوڵاتی خەڵكی عەفرین و شارۆچكەی جندرێس، لەبەردەم نەخۆشخانەی سەربازیی شاری عەفرین دەستیان بە خۆپیشاندان كردوەو داوای بە سزا گەیاندنی بكوژی مێردمنداڵە كوردەكەیان كردوە كە بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لەدوای روداوەكە دەستگیركراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×