لەڕێی پشكنینی دی ئێن ئەی چارەنوسی كارگوزارە فلیپینییەكەی ماڵی پێشڕەو دزەیی ئاشكراكرا
  2024-03-14       331       

لەدوای نزیكەی دو مانگ لە بۆردومانكردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەنجامی پشكنینی دی ئێن ئەی ئەو پارچانەی جەستە كە لە ماڵەكەیدا دۆزرابونەوە دەریدەخات كە پارچەی جەستەی كارگوزارە فلیپینییەكەی ماڵەكە بون.

ئاوێنە: فەلاح ئەنوەر کەلهوری، کۆنسوڵی فەخریی فیلیپین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیاكانی پارتی وتوە، "دوێنێ ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەو پارچانەی جەستە کە لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دۆزرانەوە، دەرچو و دەرکەوت پارچەی جەستەی میشێل مێندۆزای بون."

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی شەممە، 17-02-2024، ئەنتۆنی میندۆسە، کوڕە گەورەکەی میشێڵ، کارگوزارەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی هاتە هەولێر و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو پارچە گۆشتانەی دۆزرابونەوە هی دایکین یان نا.

شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 موشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، ژینای تەمەن 11 مانگی کچی، هاوڕێیەکی بازرگانی و دایەنی منداڵەکەی گیانیان لەدەستداو لەگەڕانی تیمەكانی بەرگریی شارستانیدا لەژێر داروپەردوی خانوە روخاوەكەدا جەستەی مێشێل نەدۆزرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×