كەجەكە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا: دەوڵەتی توركیا گەورەترین مەترسی ئەمنییە لەسەر عێراق
  2024-03-14       511       
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكی میت و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی توركیا گەیشتنە بەغدا

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە لەبارەی سەردانەكەی ئەمڕۆی بەرپرسانی توركیا بۆ بەغدا هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی عێراق و دەڵێت، دەوڵەتی توركیا "گەورەترین مەترسی ئەمنی"یە لەسەر عێراق و "لە ڕوی ئەمنییەوە هیچ شتێک بونی نییە تا تورکیا بە عێراقی بدات."

ئاوێنە: کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی سەردانەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی میت و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا وتویەتی، ئەوانە لە گەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق کۆدەبنەوە، "رۆژەڤی کۆبونەوەکە دیارە کە چییەو لە ئێستا بەدواوە چی دەکرێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی كەجەكە، دەستوریی عێراق مافەكانی كوردی بەڕەسمی ناسیون و "نکۆڵی و سڕینەوەی ڕژێمەکانی پێشوی تێپەڕاندوە و بەرەو دیموکرات بون هەنگاو دەنێت" و توركیا کە "ئەمە دەبینێت، بە پێداگرییەوە دەیەوێت عێراق لە رێچکەی دیموکراتیکبون دوربخاتەوە، لە سیاسەتی سڕینەوەو جینۆسایدی خۆیدا بەشداری بکات و تێوەیبگلێنێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی سەد ساڵی رابردو. بەو ئامانجەوە بە هەمو جۆرێک هەڕەشە دەکات، سەرانەی لێدەستێنێت. ئێستاش گوایە لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق کۆبونەوەی ئەمنی ساز دەکات."

كەجەكە دەوڵەتی توركیا بە رێبەرایەتی ئەردۆغان بە "گەورەترین هەڕەشەو مەترسی ئەمنی لەسەر عێراق" ناوبردوەو بەوپێیەی توركیا "هەموکات باس لە عوسمانی نوێ و میساقی میللی دەکات، ئەوەی دەڵێت موسڵ و کەرکوک بەشێکن لە ئێمە و دەڵێت کە بەشێک لە خاکی عێراق داگیرکەر دەکات."

كەجەكە وتوشیەتی"ئەوەی گەلانی عێراقی لە دژوارترین کاتەکاندا پاراست، لە دژی هێرشە قڕکارییەکانی داعش پارێزگاری لێکردن، بزوتنەوەی ئازادیی کورد و پەکەکەن. هەربۆیە ئەگەر کۆبونەوەیەکی باڵای ئەمنی راستەقینە سازبکرێت، ئەوە دەبێت نەک لە دژی پەکەکە، بەڵکو لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێت."

هەروەها وتوشیەتی"لە ڕوی ئەمنییەوە هیچ شتێک بونی نییە تا تورکیا بە عێراقی بدات. ئەگەر شتێکیشی هەبێت ئەوە داگیرکەریی، تیرۆر، تاڵان، کۆمەڵکوژی و ڕشتنی فرمێسکی چاوەکانە."

كەجەكە داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا كردوە "نەبنە هاوبەشی هێرشە قڕکارییەکان"ی توركیا لەدژی كوردان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×