سۆران عومەر: بیانوی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە دەبێ تەوتینی موچە لە بانكی ئەهلییەوە بێت
  2024-03-14       267       

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دابەش نەكردنی موچەی مانگی شوبات دەیسەلمێنی دژی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەو بەهانەكەشی ئەوەیە كە پڕۆسەی تەوتین لەڕێگەی بانكی ئەهلییەوە بێت، لەكاتێكدا بڕیارەكە دەڵێت، دەبێت لە بانكی حكومییەوە بێت.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، وتویەتی، "نوێنەری یاسایی حکومەتی عێراقی لەنێو دادگای فیدراڵی وتەکانی دژی ئەوەبون کە موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەدەرەوەی یاسای بودجە ڕاستەخۆ بدرێت، لەگەڵ تەوتین بو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم، داواشی لەداگای فیدراڵ کرد ئەو سکاڵایە ڕەد بکاتەوە، لەهەمان دادگایی دا نوێنەری یاسایی حکومەتی هەرێم هیچ وشەیەکی لەدادگاییەکە تۆمار نییە."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، لەگەڵ ئەوەش "ئێستا حکومەتی عێراق پابەندی بەبڕیاری دادگای فیدراڵییەوە دەربڕیوەو دەشڵێت، تاکو تەوتين دەکرێ موچە بەلیست دێت بۆ موچەخۆرانی هەرێم، کەچی حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە لەبەرژەوەندی موچەخۆران بۆ تەوتینكردنی موچە لەبانکە فیدراڵییەکانەوە، ئەوەشی کە بەلیست موچەکەی هاتوە تائێستە ئامادە نەبوە پارەکە وەربگرێ و دابەشی بکات."

بە بڕوای سۆران عومەر "حکومەتی هەرێم بە دابەش نەکردنی موچەی مانگی شوبات دەیسەلمێنێ دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەو بەهانەی جێبەجێ نەکردنەکەشی ئەوەیە پرۆسەکە ئەبێ لەبانکی ئەهلییەوە بێت، بڕیارەکەش دەڵێ ئەبێت لەبانکی حکومییەوە بێت."

ئەو پەرلەمانتارە روی دەمی كردۆتە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وتویەتی"ئەگەر بەرژەوەندی خەڵکتان دەوێ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی موچەخۆرانە هەنگاو بۆ جێبجێکردنی بنێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×