لەتیف نێروەیی: وەزیرەكانی یەكێتی لەگەڵ دابەشكردنی موچەدا بون
  2024-03-15       589       

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەشداری كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوی ئەنجومەنی وەزیرانی نەكردوەو لە كۆبونەوەكەشدا وەزیرەكانی یەكێتی لەگەڵ دابەشكردنی موچەدا بون.

ئاوێنە: لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئەمڕۆ هەینی، بە پێگەی ڕەسمی حزبەكەی وتوە"سەبارەت بە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ژمارەیەكی زۆر پرسیار لەسەر ئەو بابەتە دەكرێن، لەكاتێكدا یەكێتی لەگەڵ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەراندایە".

وتیشی"قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەشداری لە كۆبونەوەكەی رۆژی چوارشەممە 13-3-2024 ی ئەنجومەنی وەزیراندا نەكردوەو وەزیرەكانی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەگەڵ دابەشكردنی موچەدابون".

لەتیف نێروەیی ئەوەشی خستۆتەڕو"سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بەناوی یەكێتییەوە رایگەیاندوە، كە ئێمە لەگەڵ دابەشكرنی موچەداین نەك دابەشنەكردنی".

رۆژی چوارشەممەی رابردو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و بەبێ ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوەوە.

وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان ئامادەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران بون، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا هاتوە، وەزیری دارایی وتویەتی، بۆ موچەی مانگی شوبات وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردوە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی موچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی موچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.

 لەدوای كۆبونەوەكەش پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، عێراق ئەو بڕە پارەیەی خستۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بەڵام زیاتر لە 300 ملیار كورتهێنانی هەیە، بۆیە ئەمان "دەستیان لەو پارەیە نەداوە." وتیشی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەریم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بنێرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×