كەشناسی هەرێم: لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە باران بارین دەستپێدەكات
  2024-03-15       156       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە باران بارین دەستپێبكات و بۆ سبەی شەممەش لە ناوچە شاخاوییەكان نمە باران بێت و پلەكانی گەرماش بە چەند پلەیەك دابەزن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەورو هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی هەرێم بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت و لە شەودا ڕێژەی دابارین لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کەمێک زیاتر دەبێت و هەندێک کات لە کاتى باران هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری کەمێک نمە باران هەیە، پلەكانی گەرماش بە نزیكەی 1 تا 3 پلە نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 21، سلێمانی: 21، دھۆک: 19، کەرکوک: 24، ھەڵەبجە: 21، سۆران: 21، گەرمیان: 26 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×