بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی پێشكەشی هەڵەبجە دەكرێت تەنیا لەچوارچێوەی بەڵێنی بێ كرداردا ماوەتەوە
  2024-03-16       197       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ لەكاتێكدایە یادی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكەینەوە، كە گلەییەكان زۆرن و خزمەتگوزارییەكان كەمن و جیاكاری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا دەكرێت. دەشڵێت، ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ شەممە، لە ساڵیادی كیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا پەیامێكی بڵاوكردەوەو وتی"بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە."

سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی"لەکاتێکدا دەبو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژویی و پەندێکی گەورە بوایە بۆ ئێمەی کوردو هەموان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە."

ئاماژەی بەوەشداوە "دەبێت لای هەموان رون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەمو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموان بێت."

سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی"كوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوییە نەک ترازان و دورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنوسمان هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×