رەیان كلدانی: كەركوك قودسی كوردستان نییەو بە خوێن و بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ئازادكراوە
  2024-03-16       1680       

رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیۆن رایگەیاند، پارتی هەوڵی "داگیركردن"ی هەندێك ناوچەی پارێزگای نەینەوا دەدات و "پێویستە ئەو حزبە دەربكرێت." دەشڵێت، پۆستی پارێزگاری كەركوك  پشكی یەكێتییە، "كەركوك قودسی كوردستان نییەو بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكەین...كەركوك بە خوێن و قوربانیدان و رێككەوتن لەگەڵ برایانی یەكێتی ئازادكراوە"

ئاوێنە: رەیان كلدانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "عەهد"ی عێراقی رایگەیاند، لە دوایین کۆبونەوەی حزبە براوەکانی کەرکوک دوپاتیانکردوەتەوە، کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەر حزبێک زۆرترین دەنگی کەرکوکی بەدەستهێناوە و ئەو حزبە شایستەی پۆستی پارێزگارە.

وتیشی"كێشەمان نییە پارێزگاری كەركوك بۆ كوردێك بێت لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵام كەركوك قودسی كوردستان نییە، كوردستان هەموی قودسی عێراقە. هەولێر باكوری عێراقەو بەشێكی دانەبڕاوە لە عێراق كەركوكیش بەشێكی دانەبڕاوە لەعێراق و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین سازش لەسەر كەركوك بكەین."

رەیان كلدانی جەختیشی كردەوە "كەركوك بە خوێن و قوربانیدان و هەروەها بە رێككەوتن لەگەڵ برایان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئازادكراوە. من لەبەردەم میدیا دەیڵێم كە پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە هاوپەیمانی ستراتیژیمانە."

رەیان كلدانی لەبارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشەوە وتی"لە ئێستادا سەرکردایەتی یەکێتی بە دەست بافڵ جەلال تاڵەبانییە، دۆخی یەکێتیش لە پێشو جیاوازە و بیرکردنەوە و کەسایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی نزیکە لە بیرۆکە و کەسایەتی مام جەلالەوە".

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیۆن پێشبینیشی كرد كە لە ماوەی 10 رۆژ داهاتودا کێشەکانی پارێزگاری کەرکوک چارەسەربكرێن.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا رەیان كلدانی وتی"هەر هێزێکی سیاسی یان هەر داگیرکارێک لە عێراقدا بونی هەبێت، پێویستە دەربکرێت، لە ئەمڕۆدا خەڵکی ناوچەی زوماری سەر بە پارێزگای نەینەوا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەرکراون، ئەمەش داگیرکارییەکی ئاشکرایە".

وتیشی"هەر هێزێکی سیاسی لە نەینەوا هەبێت و پەیوەندی بەو پارێزگایەوە نەبێت، پێویستە دەربکرێت، لە هەندێک ناوچەی پارێزگای نەینەوا لەلایەن پارتییەوە هەوڵی داگیرکردنی دەدرێت و پێویستە ئەو حزبە دەربکرێت، لە ئێستاشدا کار لەسەر ئەو دەکەین و لە قۆناغی داهاتو لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگی پێدەدەین، بۆ ئەوەی بازنە ئیدارییەکان بگەرێنرێنەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی 2003."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×