پارێزگاری هەڵەبجە: حكومەتی عێراق خەمی هەڵەبجەی بوایە دەیكردە پارێزگا
  2024-03-16       331       

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵیت، ئەگەر حکومەتی عێراق کیمیابارانی هەڵەبجەی بە خەمی خۆی زانیبایە، دەیکردە پارێزگا. وتیشی، یەک ملیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکەشی پارێزگاکەی کردبو، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەڵەبجە.

ئاوێنە: ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە جگە لە ساڵی 2019، لە سەرجەم ساڵەکان گەرموگوڕتر بوە."

 ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرجەم دەسەڵاتدارانی هەرێم بانگهێشتی رێوڕەسمی ساڵیادی هەڵەبجە كرابون بەڵام تەنیا حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بو. ئازاد تۆفیق لەوبارەوە وتی، "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان خۆیان خاوەن خەمی هەڵەبجەن، بۆ ئێمە جێگەی شانازییە کە بێن و تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دابنێن، بەڵام بەشدارییش نەکەن ئێمە هەر لە خۆمانیان دەزانین."

 پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دۆسیەی کیمیاباران بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە، بۆئەوەی لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەکاندا بخوێندرێت.

تاوەکو ئێستا کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبو نەکراونەتەوە، وەکو ئازاد تۆفیق وتی، "بەپێی دەستور خاکی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراقی فیدراڵ و دەبێت حکومەتی عێراقیش هاوشێوەی بەسرە و ناسرییە، هەڵگری خەمی زاخۆ، ئاوێسەر، کیمیابارانی هەڵەبجە و بێسەروشوێنبونی 8000 بارزانی و 180 هەزار ئەنفالکراو بێت."

 پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕو، پێویستە حکومەتی نوێی عێراق بەپێی ئیرادەیەکی نوێ بیر بکاتەوە، "کەچی کیمیابارانی هەڵەبجە بە خەمی خۆی نازانێت، ئەگەر بە خەمی خۆی زانیبوایە، دەیکردە پارێزگا."

 یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بەپارێزگابونی هەڵەبجە، بەوتەی ئازاد تۆفیق، لای حکومەتی فیدراڵیی عێراقە و دەبوایە سەرکۆنەی رژێمی پێشو و قەرەبوی کەسوکاری قوربانیان کرابایەوە و 16ی ئاداریش بە رۆژێکی گرنگ لە مێژوی عێراقدا هەژمار کرابا.

پارێزگاری هەڵەبجە وتی، ئەگەر ناکۆکیش لە نێونا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت، دەبوایە ساڵانە حکومەتی فیدراڵی بودجەی تایبەتی بۆ شارەکانی وەکو هەڵەبجە و نەجەف تەرخان کردبا؛ وتیشی، "تاوەکو ئێستا جەگە لە یەک ملیار دینارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران عێراق، یەک دیناریش لە بەغداوە بۆ هەڵەبجە نەهاتوە."

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی 36ـەمـین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەک ملیار دیناری بە دیاری بەخشیوەتە پارێزگای هەڵەبجە. وەک ئازاد تۆفیق وتی، یەک ملیار دینارەکە خراوەتەوە سەر هەژماری بانکیی پارێزگای هەڵەبجە و ئێستا بەردەستە.

 پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، "بڕیارە دیارییەکەی سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ دروستکردنی پڕۆژەی دەروازەی شار خەرج بکرێت و لە داهاتویەکی نزیکدا و کەمتر لە یەک مانگی دیکە بەردی بناغەی دادەنرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×