سەرچاوەیەک له‌ حكومه‌تی هه‌رێم: لیستی موچەخۆرانی سەربازی ڕادەستی بەغدا ناكه‌ین
  2024-03-17       458       

هەرچەندە حکومەتی هەرێم دەڵێت، سەرجەم داتا و زانیاری پێویستیان تایبەت بە موچەخۆرانی هەرێم ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کردوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم باسی له‌وه‌كردوه‌، ئامادەنین لیستی موچەخۆرانی سەربازی ڕادەستی بەغداد بکەن، چونکە مەترسی بۆسەر "ئاسایشی نیشتیمانی" هەیە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه‌، "ئێمە ئامادەنین لیستی موچەخۆرانی سەربازی ڕادەستی بەغداد بکەین، چونکە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، حکومەتی عێراق خۆی لیستی حەشدی شەعبی لەلا نییە، ئیتر ئێمە چۆن لیستی سەربازی دەنێرین".


وتیشی، "ئەگەر هەر ناچار بین، ڕەنگە بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بنێرین، بەڵام سەرجەم لیستی سەرجەم سلکە سەربازیەکان بە هیچ جۆرێک ئامادە نین ڕادەستیان بکەین".
  
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بڕی 560 ملیار و 217 ملیۆن دیناری خسته‌ سه‌ر هه‌ژماری دارایی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش ده‌ڵێت، ئه‌و پاره‌یه‌ 59%ی كۆی پاره‌ی موچه‌ فه‌رمانبه‌رانه‌.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، تایبەت بە شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، واچاوەڕواندەکرا کێشەی موچەۆرانی هەرێم دوای 10 ساڵ چارەسەر ببێت، بەڵام کێشەکانی نێوان هەردو حکومەت لەسەر میکانیزمی ناردنی موچە و دابەشکردنی لە ڕێگەی بانکەکانەوە پێناچێت، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر ببن.

بە هۆی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتیشەوە، دوای تێپەڕبونی 40 ڕۆژ هێشتا موچەخۆران لە چاوەڕاوانی موچەی مانگی شوباتدان، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی موچەکانیان نادیارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×