دژی پێنەدانی مووچە فراکسیۆنی نەوەی نوێ سکاڵای دژی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمارکرد
  2024-03-17       534       

فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دژی پێنەدانی مووچەی مووچەخۆران و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچە، سکاڵای دژی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە دادگای کەرخ سکاڵای لە دژی هەریەکە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد.
 
هاوکات، شاسوارعەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، " فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دادگای کەرخ سکاڵای لەسەر مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد، بە تۆمەتی دزینی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە مووچە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەکە وەزارەتی دارایی عێراق، زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کردووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام، بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و قوباد تاڵەبانی جێگری، مووچەی مووچەخۆران حجز کراوە و ئامادە نین لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و پارەکەی بەغدا مووچەی مانگی شووباتی مووچەخۆران دابەش بکەن و چاوەڕێی هاتنی پارەی دیکەن لە بەغداوە.

هاوکات، دوێنێ شەممە، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگی وەزیرەکان بڕیار درا پارەکەی بەغدا مووچەی پێ دابەش نەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×