ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كۆبوهوهو ڕایگهیاند، بەڕەچاوکردنی بارو گوزەرانی دارایی خوێندکارانو قوتابیان، بڕیاردرا بەداشکاندنی (20%) لەکرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل) لەسەرجەم زانکۆو پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنه: لهڕاگهیهندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووه، "تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بو بەئالیەتەکانی وەرگرتنەوەی کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل) لەخوێندکاران و قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکیان بەهۆی خراپی باری دارایی تاکو ئێستا کرێی خوێندن نەداوە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت بەڕەچاوکردنی باور گوزەرانی دارایی خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاریدا بەداشکاندنی (20%)ی لەکرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل) لەسەرجەم زانکۆو پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەکۆی ئەو پارەیەی کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکاران ماوە بیدات، بەمەرجێک پێش (5/ 5/ 2024) بەیەک قیست گشت پارەکە بدات، ئەمە تەنها بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) جێبەجێ دەکرێت.
وهك لهڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، د. ئارام محهمهد وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووه، ستراتیژی کارکردنمان لەم چەند ساڵەدا بریتی بوە لە فراوانکردنی پانتایی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕی کاری کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەکادیری تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن هەیە بەپێداویستییەکان و پەرەپێدانی ئەو سکیڵ و کاراماییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن.