'' تا ئێستا ٣٣ حزب و قەوارەی سیاسیی ناویان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە''
  2024-03-18       217       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئامادەكارییەكانى لایەنەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و تا ئێستا ٣٣ حزب و قەوارەی سیاسیی ناویان لە چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەی ژمارەی ئەو حزب و هاوپەیمانى و كاندیدە سەربەخۆیانەى بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ناویان تۆماركردووە، ڕاگەیاندرێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ٥ـی  ئادارەوە تا ١٤ـی هەمان مانگ دەرگا بۆ تۆماركردنی ناوی حزب و هاوپەیمانیی و كاندیدە سەربەخۆکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم كرایەوە و تێیدا ٣٣ حزب و قەوارەی سیاسیی ناویان لە چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تۆمار كرد بە مەبەستى بەشداریی كردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە پارێزگای هەولێر ١٤ لایەن و دوو هاوپەیمانی و ٢٣ كاندیدی سەربەخۆ بەشداری ئەم پرۆسەیە دەكەن، جگە لە بەشداری ١٣ حزب و ١٩ كاندیدی سەربەخۆ لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها شەش حزب و ١٦ كاندیدی سەربەخۆ لە پارێزگای دهۆك بونیان هەیە.

بڕیارە لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، تا ئێستا ٣٣ حزب و هاوپەیمانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە تۆمار كردووە، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كورسی كۆتاكان نەماوە و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەرێم بۆ ١٠٠ كورسی كەم كرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×