ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
  2024-03-18       426       

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند، گومانی هەیە لەوەی هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامبدرێت، چونکە زۆر ئاماژە هەن کە هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێم لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنی سیاسیدا نەبێت بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکرێت بارودۆخەکە بەلاڕێدا ببرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت.

ئاوێنە: ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،" هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازیەکی پێوە دیارە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، کە یاساکەی گۆڕی بۆیە جیاوازی هەیە، بەڵام تا ئێستاش مەترسی لەسەر هەڵبژاردن هەر هەیە."

وتیشی"هێشتا گومانم هەیە هەڵبژاردن بکرێت، یان ئیشی لەسەر دەکرێت بارودۆخەکە بە لاڕێدا ببرێت بۆ ئەوەی دوابخرێت، زۆر ئاماژە هەیە کە لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنەی داهاتو لە بەرژەوەندی هەندێک لەلایەنە سیاسیەکانی ئێستای هەرێم نەبێت."

ئەدهەم بارزانی وتی،" تاکو ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆمم نەداوە، خەریک بوم کە بە لیستێکی گەورە بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بەڵام لە کۆتاییدا تاکو ئێستا کۆمەڵێک نیگەرانی ماون بۆ ئیمە و ڕون نەکرانەوە کە بگەینە نەتیجەیەکی باش کە ئایە بەشدار بین یاخود نا."

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەی کورسیەکانی لە 111 کورسیەوە کەم کردەوە بۆ 100 کورسی و 11 کورسی کۆتاکانی هەڵوەشاندەوە، ئەدهەم بارزانی وتی"خەڵک سەرەڕای دڵخۆشیان لە بڕیارەکە هەست بە ئەمانی زیاتر بەرامبەر بە دەنگەکانیان دەکەن."

ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند،" بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و سەرپەرشتنی کردنی هەڵبژاردن لەلایەن عێراقەوە، دڵنیام بەم شێوەیە بە ئامانەتێکی زۆرەوە هاوڵاتیان دڵنیا دەبن کە دەنگیان لە دەستێکی ئەمینتردا دەبێت لە چاو ساڵانی ڕابردو، بەهۆکاری ئەوەی هەموە حزبەکان یەکتریان تۆماتبارکردوە کە تەزویریان کردوە."

وتیشی،" خەڵکی ڕازی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی زۆر زیاترە لە خەڵکی ناڕازی، من پێم وایە ئەگەر کردە سیاسیەکانی دەسەڵات لە 32 ساڵی ڕابردو بە جۆرێک بوایە خەڵکیان ڕازی کردبایە لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیان بونایە و گەندەڵی نەبوایە ئاوا زروف بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبو."

ئەدهەم بارزانی ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت و تۆمەتباری كردن بەوەی هێشتا لە ئاست دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا لاوازن و عەقڵی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا قبوڵی هەڵبژاردنێکی پاک و براوەی تر لە دەرەوەی خۆیان ناکەن.

لەو بارەیەوە ڕایگەیاند،" لە یەکەم ئەزمونی هەڵبژاردنی هەرێمەوە لە ساڵی 1992ەوە هەڵبژاردن بو بە جێگەی ڕەخنەی هەمو لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردندا، پێش ئاشکراکردنی ئەنجامەکان لایەنە بەشدارەکان یەکتریان بە تەزویر تاوانبارکرد، لە هەمو هەڵبژاردنەکانی دواتری هەرێمیش هیچ هەڵبژاردنێک تێپەرنەبو کە یەکتر بە تەزویر تۆمەتبار نەکەن، حزبە بەشداربوەکان لە هەڵبژاردن خۆیان باش دەزانن چیان کردوە بە چ شێوەیەک هەڵبژاردنیان کردوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە پێویستی بە قسەی من نییە هەر ئەوەی کە خۆیان خۆیان تاونبارکردوە بەسە."

وتیشی،" ئەگەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێم زۆرترین کورسیش بەدەستبهێنێت قبوڵ دەکرێت؟ بە پێی ئەزمونی 32 ساڵی ڕابردو ئەمە قبوڵ ناکرێت، تا ئێستاش باوەڕم وایە کە ئەم عەقڵیەتە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، ئایە دەسەڵات دەستاو دەست دەکریت من بە گومانم و خەڵکیش پێیان وایە ناکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×