سەرکردەیەکی سوننە: کشانەوەی پارتی وڵات دەخاتە مەترسییەوە
  2024-03-19       333       

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە دەڵێت: "بڕیارەکەی پارتی بە بایکۆتی هەڵبژاردن و نیازی بۆ کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

خەمیس خەنجەر، لە نووسینێکیدا لە تۆڕی ئێکس دەشڵێت: "بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەدان بە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، داهاتووی تەواوی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

خەنجەر کە سەرکردەیەکی سوننەیە و پێشتریش سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم بووە، ئەوەی نووسیوە: "دیالۆگ لەنێوان بەغداد و هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرجەم هاوبەشان، تاکە رێگایە بۆ چارەسەری گرفتە سیاسییەکان".

خەمیس خەنجەر پێیوایە "پارتی دیموکرات، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ژیانی سیاسیی لە عێراقدا" وەک لە نووسینەکەیدا هاتووە.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×