پارێزگای هەولێر بۆ هاوڵاتیان: لە ماڵەكانتان بمێننەوە
  2024-03-19       215       

بەهۆی پێشبینییەكانی كەشوهەواو ئەگەری باران بارینی بەخوڕوو و دروستبوونی لافاوەوە، پارێزگاری هەولێر ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە.

 پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" بەپێی پێشبینی كەشناسی و شارەزایان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە كاتژمێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ تاكو كاتژمێر 06:00ی ئێوارە، بارانێكی بەخوڕ و تەزرەی زۆر لە ماوەیەكی كەمدا لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دادەبارێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێكی چاوەڕواننەكراو و ئیدارەدانی حاڵەتی ئەو ڕێژە بارانبارینە زۆرەی ئەمڕۆ و كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە".

روونیشیكردووەتەوە:" لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆی داڕشتنی پلان و بەرنامە و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و ڕێگەچارەسەریی پێویست لە سنووری پارێزگاكەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڕوودانی لافاو و  هۆكارەكانی، كە بەهۆیانەوە تا ئاستێكی زۆر مەترسیەكانی دروستبوونی لافاو لە شارەكەمان كەمبۆتەوە".

جەختی لەوەشكردووەتەوە:" لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەكەمان ئاگادار دەكەینەوە لەو ماوەیەدا واتا لە كاتژمێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاكو كاتژمێر 06:00ی ئێوارە، بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەكانیان نەیێنە دەرەوە".

ئەوەشیخستەڕوو:" لە نزیكی ڕووبار و ئەو شوێنانە مەبنەوە كە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن، هەموو ئەو ڕێگا و شوێنانەشی كە پێشووتر لەلایەن لایەن پەیوەندیدارەكان ئاگاداری بڵاوكراوەتەوە، ئوتۆمبێلەكانیان ڕانەگرن و بەكاریان نەهێنن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×