"یه‌كێتی‌ ده‌نگ به‌دادوەر ئەركان قادر ده‌دات بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ دادی‌ عێراق"
  2019-01-22       612       
دانیشتنێكی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماده‌یی حزبه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ده‌كات بۆ ده‌نگدان به‌دادوەر ئەركان قادر بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ دادی‌ عێراق.



ئاوێنه‌: د.میران محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەمیدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگەیاندووه‌، وەكو فراكسیۆنی یەكێتی نابنە هۆكارێك بۆئەوەی تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عێراق لەوە زیاتر دوابكەوێت، چونكە خەڵك پێویستی بەخزمەتگوزارییە.



وتیشی، "ئامانجی یەكێتی لەداواكردنی پۆستی وەزارەتی داد، ئەوە بووە كە كەسێك لەكەركوك پۆستەكە وەربگرێت، بۆئەوەی خزمەتی خەڵكی ئەو شارە بكات، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستادا كە نائارامییەكی ئیداریی‌و سیاسی هەیە".



لەبارەی هەڵوێستیان بەرامبەر دادوەر ئەركان قادر وەلی كەریم بیبانی، كە دوێنێ لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە وەك كاندیدی پۆستی وەزیری داد ناوەكەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرزكرایەوە، د.میران محەمەد ده‌ڵێت، "لەبەر ئەوەی ئەو دادوەرە خەڵكی كەركوكە، بۆیە بەدڵنیاییەوە پشتیوانی دەكەین‌و لەئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێدەدەین".


له‌دانیشتنی‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەرنامەی‌ کاری‌ دانیشتنی‌ سبەی‌ چوارشەممەی‌ پەرلەمانی‌ خوێندەوەو بەپێی‌ بەرنامەی‌ كاری‌ دانیشتنه‌کە، سبه‌ی‌ په‌رله‌مان پرۆسه‌ی‌ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای‌ بودجەی‌ ٢٠١٩ی‌ عێراق‌و ئەو کاندیدانەی‌ پێشکەشکراون بۆ هەردو وەزارەتی‌ دادو پەروەردە ئه‌نجامده‌دات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×