ئاسایشی خەلیفان: باندێك دەستگیركران كە بە فێڵ هەژماری بانكیان بەناوی هاوڵاتیانەوە دروستكردوە
  2024-03-19       217       

ئاسایشی خەلیفان دەستگیركردنی باندێكی شەش كەسی بە تۆمەتی فێڵكردن لە هاوڵاتیان راگەیاند كە بەنهێنی هەژماری بانكییان بەناوی هاوڵاتیانەوە دروستكردوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە رێکەوتی 17/3/2024 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان شەش کەس بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاوڵاتیان دەستگیرکران."

ئەوەشی خستۆتەڕو"تۆمەتبارەکان لە ڕێگەی  بەخشینی سیمکارتی (زین) و پێدانی بڕی 20 هەزار دینار بە هەر کەسێکی وەرگری سیمکارتەکە هەڵساون بە وێنەگرتنی کارتی نیشتیمانی و وێنەی کەسی هاوڵاتیان، لەو رێگەیەوە هەژماری بانکی نهێنییان دروستکردوە کە بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆریان خستۆتە سەر ئەم  هەژمارە بانکییانە و بەرەو دەرەوەی وڵاتیان بردون بەمەبەستی کڕینی دۆڵار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر."

ئاماژەی بەوەشداوە كە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان كراوەتەوەو ڕەوانەی دادگا کراون.

ئاسایشی خەلیفان داوای لە هاوڵاتیان كردوە هۆشیاربن بەرامبەر ئەم جۆرە فێڵانە چونکە لەوانەیە پێدانی کارتی نیشتیمانی و وێنەی خۆیان بۆ چەندین کاری مەترسیدارتر بە کاربهێنرێت و ئەگەری هەیە لە داهاتودا زیانێکی زۆر لەو خاوەن هەژمارە بانکیانە بدات و باج و رسوماتی بانکی بکەوێتە سەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×