دارایی پەرلەمان و بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كارد تاوتوێی بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن
  2024-03-19       310       

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، میوانداری بەڕێوەبەرانی بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كاردی كردوە. ئەندامێكی لیژنەكە دەڵێت، لەكۆبوەوەكەدا تاوتوێی بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوەو بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كارد وتویانە، دەتوانن لە رۆژێكدا 30 هەزار كارتی بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بكەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمان میوانداری بەڕێوەبەری گشتی بانكی رافیدەین و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كی كاردی كردوە.

مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەكەو ئامادەبوی كۆبونەوەكە لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی "شەفەق نیوز"، رایگەیاندوە، لیژنەكەیان لەگەڵ هەردو بەڕێوەبەرەكە تاوتوێی مامەڵەی ئەلیكترۆنی و بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردوە لەگەڵ چۆنیەتی دروستكردنی كارتی بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.

بەپێی قسەی مستەفا گەرعاوی لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا باس لە تواناكانی بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كار كراوە بۆ بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە "ماوەیەكی دیاریكراودا".

گەرعاوی وتویەتی، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەنێوان 600 بۆ 700 هەزار فەرمانبەردایەو بەپێی قسەی هەردو بەڕێوەبەری بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كارد، ئەوان دەتوانن رۆژانە 30 هەزار كاتی بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست بكەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی، بانكی رافیدەین و كۆمپانیای كی كار چاوەڕێن داتاكانی پەیوەست بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان رادەست بكرێت بۆ ئەوەی دەستبكەن بە بانكیكردنی موچەكانیان و دروستكردنی كارتی بانكی بۆیان تا لەو رێگەیەوە موچەكانیان خەرج بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×