مەسعود بارزانی: پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردوەو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی دور لەدەستوەردانی دەرەكییە
  2024-03-20       948       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و باڵیۆزی ئەمریكا كۆبونەوە. باڵیۆزی ئەمریكا داوادەكات پارتی رۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشەو نیگەرانییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەربكەن. مەسعود بارزانیش دەڵێت، پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردوە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی شەفاف و دور لە دەستوەردانی دەرەكییە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە ئەلینا ڕومانسۆوکی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕونکردەوە كە "هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بوەو خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردوە كە پێویستە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعیەتی دەستوری و هەڵبژاردن بكرێ. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوە ترسی لە هەڵبژاردن نییە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە."

مەسعود بارزانی وتوشیەتی،"بە بیانوی جۆراوجۆر دوساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتەو لە بەهاو پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بەشێوەیەکی نادەستوری و نایاسایی بڕیارو یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گوڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد."

مەسعود بارزانی جەختی كردۆتەوە "پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردوە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن."

لە درێژەی وتەكانیدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداداو ئەوەی خستەڕو كە "ڕێككەوتنێكی ڕون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بو كە سەقامگیری بێتەدی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران."

مەسعود بارزانی جەختی كردەوە كە "لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×