مەسرور بارزانی: سودانی پێی وتم لە چەند رۆژی داهاتودا پرسی موچە چارەسەر دەكرێت
  2024-03-20       338       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لەگفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی پرسەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و سودانی پێی وتوە، لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو کێشەیە چارەسەر دەكرێت.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکی پێشکەش کرد و لەبەشێكی قسەكانیدا باسی لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كرد.

سەرۆكی حكومەت وتی"جێگەی خۆیەتی سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بەڕاستی لەماوەی رابردو زۆر خۆڕاگربونە بەرامبەر ناخۆشی ژیان، بەتایبەت نەبونی موچە و بودجە و گەلێک گرفتی دیکە کە هاتوەتە پێش."

وتیشی، "هەرچەندە گرفتی ئێمە تەنیا موچە نییە، داخوازی ئێمە و رێبازی ئێمە و خەمی میللـەتی ئێمە زۆر لە موچە گەورەترە، بەڵام ئەمە ژیانی خەڵکی پێوە گرێدراوەو ئێمەش هەمو هەوڵێکی خۆمانداوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بگاتە چارەسەرکردن و هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبو بۆ تێکدانی ئەم بابەتە، بابەتی نەناردنی موچە و دابینکردنی بوجە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان."

مەسرور بارزانی وتیشی، دڵنیایی دەدەمە خەڵك کە "ئێمە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە چارەسەربکرێت و وەک بە ئێمەی وت کە لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو کێشەیە دێتە چارەسەرکردن و هیوادارم ئەم بابەتە چیتر نەبێتە پرس و نەبێتە گرفت بۆ خەڵکی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×