لاهور شێخ جەنگی بۆ دەسەڵاتداران: چارەسەر جێهێشتنی دەسەڵاتە بەرلەوەی وەكو بەعس پێتان جێبهێڵن
  2024-03-20       541       

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ئەزمونی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لەناو شكستێكی قوڵدا دەژی و دەسەڵاتدارانی هەرێم هێشتا لەبری دانپێدانان بە شكست، پاساو ریز دەكەن و دەشڵێت، بەڕونی بەدەسەڵاتداران دەڵێم، چارەسەر دانپێدانانە بە راستییەكان و راستكردنەوەی رێڕەوەكە یاخود جێهێشتنی دەسەڵاتە بەرلەوەی وەكو بەعس پێتان جێبهێڵن.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزەوە، وتی"پێویستمان بەسەرەتایەكی نوێیە بۆ حوكمڕانی...سەرەتایەكی نوێ و جیاواز."

وتیشی"ئەزمونی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە 33 ساڵ دەرفەت، لەناو شكستێكی قوڵدا دەژی، شكستێك كە بەرهەمی عەقڵیەتی خۆسەپێن و گوێنەدان بوە بە خواست و ئیرادەی خەڵك."

هەروەها ئەوەشی خستەڕو"قسەیەكی باو هەیە لەناو كوردەواری خۆماندا كە دەڵێت، ئاوێك كە لەبەری نەڕوات، بۆگەن دەبێت، بەداخەوە ئەو قسەیە بۆ هەردو لایەنی حوكمڕانی، چ ئەوانەی لە حوكمدان و چ ئەوانەشی كە لە ئۆپۆزسیۆندان دروستە."

بەبڕوای لاهور شێخ جەنگی"دەسەڵاتدارانی هەرێم هێشتا لەبری دانپێدانان بە شكست، پاساو ریز دەكەن، بەڕای ئێمە ئەم ئینكارییە بەشێكی گەورەی تۆخكردنەوەو بەردەوامیدانە بەم دۆخە نەخوازراوە، چونكە رێگاكانی هەستانەوەی دوای كەوتن و شكست زۆرن. خێراترینیان ئەوەیە كە بكەرە سەرەكییەكان دانی پێدابنێن، بۆئەوەی بتوانن لە واقیعی راستەقینەی خۆیان تێبگەن جا بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی بێت یان چۆڵكردنی كورسی دەسەڵات."

ئاماژەی بەوەشدا، پرسیارەكە ئەوەیە كە "كورد جگە لە پێشكەشكردنی ئەزمونێكی جوانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی پێكهاتەكان و بەیەكەوە ژیانێكی ئاشتییانە رێگەی تری هەیە بۆ چونە نێو مێژوی نوێ؟ كە هەر ئەمەش دەبێتە زامنی بەردەوامی پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا رێك بەپێچەوانەی ئەو راستیانەوە كاردەكرێت و خەریكە بەیەكجاری ئەزمونەكە نابوت دەكرێت."

وتیشی"لێرەدا دەمەوێ ئەوە بەڕونی بەدەسەڵاتدارانی هەرێم بڵێم، ئەو خەڵكەی زوڵمی بەعسی قبوڵ نەكرد، دڵنیابن ئامادە نییە زوڵمی ئێوەش تا سەر قبوڵ بكات، بێزاری خەڵك لە حوكمڕانی پڕ لە تاوان و تاڵانی تا سەر ئێسقان چوەو رۆژێك دێت كە چیتر قبوڵی ناكات. چارەسەر دانپێدانانە بە راستییەكان و راستكردنەوەی رێڕەوەكە یاخود جێهێشتنی دەسەڵاتە بەرلەوەی وەكو بەعس پێتان جێبهێڵن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×