شیروان میرزا: پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من، هەم ناواقعیە و هەم نایاساییە
  2024-03-21       334       

زیاتر لە پێنج مانگدا موچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها یەک موچەیان وەرگرتوە، هەرچەندە لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە ئەو بڕە پارەیە دابەش بکات و رایگه‌یاند، ئەو پارەیە ئەوەندە نییە کە داوایکردوە، په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشوش ده‌ڵێت، "دەستبەسەرداگرتنی موچە لەلایەن برادەرانی پارتی و بەستنەوەی هەمو گرفتەکان بە هەژماری منەوە، یەکێتی خستوەتە بەردەم دوڕیانێک".

شیروان میرزا، ئەندامی پێشوی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق (فراكسیۆنی یه‌كێتی) به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی موچە بۆ فه‌رمانبه‌ران، لەئێستاشدا لە دوای دەرچونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەشێکی بەرپرسیارێتی خستوه‌تە سەر شانی حکومەتی عێراق بە (تەمویل-پارەدارکردنی) هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەردو حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەناوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەو پارەیەی بەغدا ناردویەتی بۆ هه‌رێمی كوردستان دەکرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بەڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا خۆی وتویەتی 330 ملیارە، هی مانگی (شوبات/2) حساب بكرێت کە لەنیوەی مانگی سێ ڕۆیشت، لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان هەموی بیست ملیارێکی فەرقە دەکرا حکومەتی هەرێم پڕی بکردایەوەو موچەی دابەش بکردایە بەم ڕەمەزانە.
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی خولی پێشو ده‌ڵێت، "ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بە لیست و ناوی وەزارەتەکان هاتوە، دەستبەسەرداگرتن و دابەشنەکردنی جۆرێکە لە یاسا شکێنی و تێکدانی پەیوەندییەکان، لەڕاستیدا ئەگەر هەر بۆ موچە دابەش نەکرێت، ئەوا لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی خۆیەتی، لەوانەیە بلۆکی بکات، یا سەحبی بکاتەوە، یاخود بڕیار بدات کە هیچ کەس بۆی نیە دەستکاری بکات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من، هەم ناواقعیە و هەم نایاساییە، بەڕای من حکومەتی هەرێم نابێت ئەوەندە پێداگری لەسەر هەژماری من بکات، کیانی هەرێم بکات قوربانی هەژماری من".
  
په‌یوه‌ست به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موچه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر "هه‌ژماری من"، شیروان میرزا ده‌ڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەسەر ئەوە، من پێم وایە ئەوکات پارێزگاکان خۆیان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن، وەکو کادیرێکی یەکێتی بڵێم، یەکێتی هەنگاوی خێرا و نامەدروس نانێت، بەڵام چارەسەرکردنی موچە لە ئەولەویاتی کارەکانیەتی، هەروەها لەژێر فشاری خەڵکی ئەو ناوچانەدایە، بۆیە دەستبەسەرداگرتنی موچە لەلایەن برادەرانی پارتی و بەستنەوەی هەمو گرفتەکان بە هەژماری منەوە، یەکێتی خستوەتە بەردەم دوڕیانێک ئەوەتا لە ناوچەکانی ژێر یەکێتی بایکۆت دەستیپێکردوه‌تەوە".

رونیشیكرده‌وه‌، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە تەواوی لە بەرژەوەندی موچە خۆرانە و بواری گفتوگۆی داناوە، پێویست بەم هەمو هەڕەشەو پێداگریە ناکات، بەداخەوە لەبری چارەسەر و هەنگاوی ژیرانە بەبەیاننامەی بێ بنەما و بێمانا خەریکی تەخوینکردنی لایەنەکان و هەڕەشەکردنن لەبەغدادن".
 
سەبارەت بە نەناردنی لیستی ناوی پێشمەرگە بۆ بەغدا، شیروان میرزا ده‌ڵێت، "پێشمەرگە هێزێکی پیرۆزە هیچ مەنتقی تێدانیە ئەو لیستە نەنێرن، هیچ پەیوەندی بە ئەمنی قەومییەوە نییە، پێشمەرگە بەبێ منەتی پێشمەرگەیە بەهانەیەکی زۆر نامەعقولە کە دەڵێن، وەزارەتی دارایی عێراقی ناوی هەمو وەزارەتی بەرگری و سوپا و حەشدی شەعبیشی لایە، ئیتر چەند ناوەکان وەهمین یاخود نا بەڵام هەمو ناوەکانی لایە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×