عێراق زیان لێكەوتووانی لافاوەكەی دهۆك قەرەبوو دەكاتەوە
  2024-03-21       174       

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی ڕاسپارد، كە بەزوترین كات سەردانی دهۆك بكەن بە مەبەستى زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی لە هاوڵاتیانى شارەکە كەوتووە، دواتر ئەو لیژنەیە ڕاپۆرتێك لەو بارەیەوە ئامادە دەکەن و ڕادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمانى دەکەن، بۆ ئەوەی حكومەتى عێراق قەرەبوویان بكاتەوە.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بارەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ زانینی قەبارەی زیانەكانی لافاوەكەی دهۆك و قەرەبوو كردنەوەیان لەلایەن حکومەتى عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، پەرلەمانی عێراق سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی قوربانیانی لافاوەكەی پارێزگای دهۆك دەكات و سەرۆكایەتی پەرلەمان لیژنەیەكی ڕاسپاردووە سەردانى ناوچە زیان لێكەوتوەكانی لافاوەكەى ئەو شارە بکەن، بە مەبەستی زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی لە هاوڵاتیان و ماڵ و موڵكیان كەوتووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە لیژنەكە دەكات، داواكاریی هاوڵاتیان و  پێویستیەكانیان دیارى بكەن و بە زووترین كات ڕاپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بنێرن، بۆ ئەوەی حکومەتى عێراق قەرەبوویان بكاتەوە.

جێگەى ئاماژەیە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە پارێزگای دهۆك لافاو ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٥٠خانوو و ٥٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها ١٢٠ هاوڵاتیش لە مەترسی ڕزگاركران و ١١ كەسی دیكەش برینداربوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×