سەرۆكی یەكێتی پیاوان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندیدكرد
  2024-03-21       533       

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان كاندید دەکات و دەڵێت، بۆ ئەوەیەتی لە پەرلەمان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی پیاوان بەتایبەت بکات و ئەو توندوتیژیانە نەهێڵن کە روبەڕوی پیاوان دەبنەوە.

ئاوێنە: بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024، لە نوسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆن، بە فەرمی وەک کەسێکی سەربەخۆ خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان كاندید كردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمە لە پەرلەمان بە یاسا رێگری لە زیادبونی لێشاوی جیابونەوەی خێزانی کورد بکەم کە تادێت رێژەی جیابونەوەی هاوسەران زیاد دەکات و یاسای باری شارستانی هەموار بکرێتەوە.

سەرۆکی یەکێتیی پیاوان وتیشی، دەمەوێت لە پەرلەمانی کوردستان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی پیاوان بەتایبەت بکەم، نەفەقەی پێشەکی و پاشەکی لابەرین و ئەو توندوتیژیانە نەهێڵین کە روبەڕوی پیاوان دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی جەستەیی، دەرکردنی پیاوان لە ماڵەکانیان و رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی پیاوان لەلایەن ژنەکانیانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×