راگەیەندراوێك لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی "هەژماری من"
  2024-03-26       552       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان دەڵێت، زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من بڵاوكراونەتەوە و پڕۆژەكە زیاتر لە 19 خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بە موچەخۆران دەکات لەكاتێكدا بەوتەی وەزارەتەكە پرۆژەی تەوتین لە عێراق تەنیا یەک خزمەتگوزاری پێشكەشی ۆرینەی موچەخۆران دەكات كە ئەویش پێدانی پارەی موچەیە بە شێوازی کاش.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پرۆژەکەو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕو."

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەڕپێکراون و لەئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەکە.

وتوشیەتی، "پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بە موچەخۆران دەکات و تێچوی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقییە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی موچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی موچەیە بە شێوازی کاش."

هەروەها وتوشیەتی"موچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی موچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەشکردنی موچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێڕاقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک."

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە "لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی ٤٠ هەزار موچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوەو قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردوە لە هەردو پارێزگاکە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەشداربوی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکەو گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە." و "هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە (تەنها بۆ زانین)

ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پرۆژەکەو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕو.

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەئاگاداری بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق  لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتوە کە ئامانج لێی دابینکردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەستڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابینکردنی موچەو پێدانی چەندین جۆری قەرزو سلفەو پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتایهێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای وردو دروست و شەفاف لەسەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەشکردنی چەندین جۆر سلفەو پێشینە بە فەرمانبەران و سودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

بانکە بەشداربوەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

● BBAC Bank

● RT Bank

● NBI

● Cihan Bank

● IIB

کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەڕپێکراون.

هەروەها بۆ دڵنیابون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندروستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نییە لە پەیوەندییەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکاو سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزمون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

لەئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من رەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیانهێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دوایین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (٢٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دیناری عێراقی تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئەم بریارە لە پێناو بەرژەوەندی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستانەو دڵنیایی دەدات لە پاراستنی موچە و پاشەکەوتی موچەخۆران.

بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکان:

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بە موچەخۆران دەکات و تێچوی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقییە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی موچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی موچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا کە موچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی موچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەشکردنی موچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێڕاقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانە بە موچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠٠) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابنرێت و لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە  شاری هەولێر دانراون و ٢٤ کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

فراوانبونی پرۆژەی هەژماری من:

لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی ٤٠ هەزار موچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوەو قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردوە لە هەردو پارێزگاکە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ موچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت و موچەکانیان لەڕێگای هەژماری بانکی وەربگرن.

 ١- ژمارەی بانکە بەشداربوەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبوندایە.

٢- بەشداربوی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکەو گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.

 ٣- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت.

 ٤-هەمو فەرمانبەر و موچەخۆرێک بەپێی قەبارەی موچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سودمەند دەبێت لەقەرزو پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلیەکانەوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوریی

٢٠٢٤/٣/٢٦

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×