وەزیری شارەوانی: هەفتەی داهاتو دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكرێت
  2024-03-28       342       

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند: لە هەفتەی داهاتوەوە دەست دەکرێت بە ئامادەکردنی رێنماییەکان و پرۆسەی دەستنیشانکردنی زەوی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.

ئاوێنە: ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای پارتی وت: "دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بو کە لە ساڵی 2006ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکراوە و دوای 18 ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سودمەند نەبون و ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناهەمواری ئابورییان سوکتر دەکات."

لەبارەی شێوازی دابەشکردنی زەوی، ساسان عەونی ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتو لەگەڵ دامەزراوەکانی وەزارەتەکەی و پارێزگاکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێنماییان پێبدەن تاکو دەست بە دیاریکردنی زەوی و دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی هەیە بەشێوەی خەمڵاندن، بکەن.

هەروەها وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پرۆسەیە کاری ئەندازیاری و هونەریی پێویستەو ئەگەر بۆ دابینکردنی زەوی، موڵکی شارەوانی هەبو ئەوا کارەکان ئاسانتر دەبن، بەپێچەوانەشەوە ئەوا زەوی پێویست ئیتفا دەکرێت و دوای ئیفراز کردن و دانانی نەخشە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوکات لەبارەی ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوەی، ساسان عەونی وتی، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبنەوە بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکان و خاڵەکان بۆ ئەوەی ڕون بێتەوە کێ دەگرێتەوە و دوپاتی کردەوە کە هەر کەسێک موچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە مەدەنی و سەربازیی، مافی وەرگرتنی زەوی هەیە.

سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ، ساسان عەونی باسی لەوە کرد، لە کاتی دانانی ڕێنماییەکان هەمو ئەوانە ڕوندەبێتەوە و بنەمای دادپەروەری ڕەچاودەکرێت کە ئامانج لەم کارەش خزمەتکردنی هاوڵاتییانە.

لەبارەی نەخشەی پالانسازی زەوییەکان، ساسان عەونی باسی لەوە کرد، کە روبەڕی سەوزایی و فراوانیی شەقام و دابینکردنی زەوی شوێنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەبەرچاو دەگیرێت و لە قۆناغی دوەم لە دوای دابەشکردنی زەوییەکانیش  بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ زەوییەکان، کاردەکەن.

هەروەها جەختیکردەوە، "لە داهاتودا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای دارایی هەبێت و لەو قەیرانە داراییە دروستکراوانەی ئێستا بڕەخسێت، ئەوا بیر لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر دەکاتەوە و بە دڵنیاییەوە یەکێک لەوانەش بۆ خزمەتی هاوڵاتییان و فەرمانبەران پێشکەشکردنی قەرزی خانوبەرەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×