هاوسەرۆکی دەم پارتی: خاوەنداریی لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن
  2024-03-29       198       

تولای حاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی جەماوەریی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە کۆپی ڕایگەیاند، ئەمە جۆشی سەرکەوتنی ٣١ـی ئادارە، ئەم گەلە هەمیشە دەنگی بە تێکۆشان و ئیرادەی خۆی داوە، جارێکی دیکە لە کۆپی سەردەکەوین، دەبێت خاوەندارێتی لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین.

ئەمڕۆ، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆپی مووش، تولای حاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە سەرەتادا هەریەک لە ئاریان دۆغان و ئارافات کارداغی، کاندیدانی دەم پارتی لە کۆپی سڵاویان لە گەل کرد، تولای حاتیمۆغلاری، هاوسەرکی گشتی دەم پارتی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەمەی دەیبینن جۆشی سەرکەوتنی ٣١ـی ئادارە، لە کۆپی زۆرجار سەرکەوتووین، ئەم گەلە هەمیشە دەنگی بە تێکۆشان و ئیرادەی خۆی داوە، جارێکی دیکەش لێرە سەردەکەوین و گومانمان لەوەدا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەبەردەم ئێوە بیرکردنەوەی قەیومەکان شەرمەزار دەکەم، لەهەموو شوێنێک دزی دەکەن، شارەوانی کۆپی نموونەی ئەوەیە، هەموو کەرەستەکانی شارەوانییان فڕۆشت، گەلی کۆپی دەبێت ڕێنەدات قەیومەکانی تاڵانکاریی ڕوو لێرە بکەن، لە دەنگدانی ٣١ـی ئاداردا وەڵامیان بدەنەوە.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی پرسیاری لە گەل کرد، ئێوە ئامادەن لە دژی برسیکردنی گەل بچن دەنگبدەن؟ گەلیش بەیەک دەنگ وتیان “بەڵێ”.

لە کۆتاییدا تولای حاتیمۆغلاری بانگەوازی لە گەنجان کرد، خاوەنداریی لە سندووقەکان بکەن، پاشان بەرەو ناوەندی مووش بەڕێکەوت.

بڕیارە لە ٣١ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت، لە ئێستاشدا تەنها دوو ڕۆژی ماوە، بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەبێ وەستان لەنێوان پارتە سیاسییەکان بەردەوامە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی زیاتر لە مانگێکە بەجۆشەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە و چاوی لە بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×