ئا: ئاوێنە
لەچەند رۆژی رابردوودا، لێدوانی "عەبدوللـەتیف سەلەفی"، کە یەکێکە لەناودارترین بانگخوازانی سەلەفیەت لەکوردستان، سەبارەت بە"فرۆشتنی جێگای نوێژێک لەمزگەوتی بەهەشت بە٦٥٠ دۆلار" هەرایەکی گەورەی نایەوە، هەرچەندە دواتر رونکردنەوەشی لەسەر لێدوانەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام هێشتا دادی نەدا. ئەمە یەکەم جار نییە کە عەبدولەتیف بەهۆی وتارو هەڵسوکەوتیەوە هەرا دەنێتەوە.
عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا، کە لەناو خەڵکی سلێمانیو کوردستاندا بەعەبدولەتیفی سەلەفی ناسراوە، یەکێکە لەکەسایەتییە دیارەکانی بیری سەلەفیەت، کە خۆی بەپارێزەری "ئیسلامی راستەقینە" ئەزانێو زۆر بەوردی ئیشی لەسەر فراوانکردنەوەو چەسپاندنی بیری سەلەفی لەکوردستان بەگشتیو لەسلێمانی بەتایبەتی کردووە، ئەو شارەی لەسەدەی رابردوودا وەک شارێکی کراوەو روناکبیرو پێشکەوتنخواز ئاماژەی پێدەکرا.
عەبدوللـەتیف، هەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە رەوتی سەلەفیەت بباتە نێو کاسبکارانی بازاڕو گەنجانو خوێندکارانی زانکۆو هەژمونی بیری سەلەفیەت لەئاستی ژیانی کۆمەڵایەتیو بیرکردنەوەی خەڵکیدا گەشە پێبداو باڵادەست بکات، کە تا رادەیەکیش لەم کارەیدا بەهۆی چەندین هۆکاری جیاواز سەرکەوتوو بووەو لهچهند ساڵى ڕابردوو رەوتی سەلەفی لهسلێمانی گەشەی بەرچاوی بەخۆوه بینیوه. رەوتی سەلەفی ڕێبازێکە لەچوارچێوەی یەکێک لەئیجتیهادەکانی ناو ئایینزای سووننە، کە "سەلەف – پێشینەی پیاوچاکانی ئیسلام" بەباشترینو نمونەییترین قۆناغی ئیسلام دائەنێن، ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، دیارترین رابەری فکری ئەم رێبازو ئیجتیهادەیە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا پاشەکشەی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکانو داکشانی تەریقەتەکانی سۆفیگەریو پەنابردنی دوو حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان بۆ ئایینو پیاوانی ئایینی خاوەن پێگەو قسەڕۆشتوو لەپێناوی لاوازکردنی یەکترو بوونی پاڵپشتی دەرەکی، وایکردووە دەرفەت بۆ رەوتی سەلەفی بڕەخسێت لەکوردستانو بیروباوەڕیان پەرەبسێنێت.
ئەمە جگە لەوەی چەند کاراکتەرێکی سەلەفی، کە دیارترینیان عەبدوللـەتیفی سەلەفییە، خواستی ئەوەیان تیا بەهێز بووە هەژمونی دەسەڵاتی مادیو مەعنەوی خۆیان، لەڕێگەی نەک هەر سوکایەتی کردن بەژیانی مەدەنیو شارستانی نوێ بەهێز بکەن، بەڵکو سڵیان لەسوکایەتی کردنو نابودکردنی پیاوە ئایینییەکانو حیزبە ئیسلامیو تەنانەت سەلەفییەکانی رکەبەریشیان نەکردوەتەوە کە پەیڕەوییان لەو بیروبۆچوونە نەکردووە ئەمان بانگەشەیان بۆ کردووەو خەڵکیان لەدەوری کۆکردوەتەوەو بوون بە"مەرجەع"و دەیانەوێ پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.
لەسلێمانی دیارترین بنکەی بڵاوکردنەوەی بیری سەلەفیەت، مزگەوتی بەهەشتە. ئەو مزگەوتەی چەند ساڵێکە هەم مزگەوتو هەم ماڵو شوێنی ژیانی عەبدوللـەتیفو ٣ هاوسەرەکەیو ١٧ منداڵەکەشیەتی.
عەبدوللـەتیف کە ساڵانێکە موسڵمانان بانگ دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ قورئانو سونەتو بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی ئامۆژگارییە، بەئەرکی خۆی دەزانێت خەڵکی ئیماندار ببات بۆ بەهەشت بە٦٥٠ دۆلار، لەڕێگەی کڕینی شوێنی نوێژو بەرماڵێکەوە لەو مزگەوتەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی بچوکی روبەرو کۆنی بیناکەیەوە لەلایەن عەبدولەتیفی بانگخوازو وتاربێژییەوە بڕیاری تێکدانو دوبارە دروستکردنەوەو گەورەکردنی دراو داواشی لەشارەوانی کرد گۆڕەپانی نزیک مزگەوتەکە بخەنە سەر روبەری مزگەوتەکە، بەجۆرێک گەورەترین مزگەوت بێت لەشاری سلێمانی، کە لەسەر روبەری پێنج هەزار مەتر دروست دەکرێتو شوێنی 10 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، بەشی پشتەوەی بۆ خزمەتگوزاری تەرخان دەکرێو چوار نهۆم دەبێت، بەشی پێشەوەشی شوێنی نوێژکردنەو سێ نهۆم دەبێت.
زۆرینەی لایەنگرانی رەوتی سەلەفی نوێژو رێورەسمە ئاینییەکانیان لەمزگەوتی بەهەشت، کە دەکەوێتە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدەوە، بەڕێدەکەن.
ئەمە یەکەمجار نییە، عەبدوللـەتیف بەهۆی وتارو لێدوانەکانیەوە هەرا دەنێتەوە، پێشتریش چەندین جار لێدوانو هەڵسوکەوتەکانی دەنگدانەوەو کاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەتی کە لەساڵی ٢٠١٦ بەبڕیاری دادوەری دادگای خانەقین دەستبەسەر كرا لەسەر تۆماركردنی سكاڵایەك لەسەری كە پەیوەندی بەهێنانی ژنی سێیەمیەوە هەبوو، لەو دادگایەی دەرەوەی هەرێم مارەی بڕیبوو. ژنهێنانی سێیەمی عەبدولەتیف لەهەرێمی كوردستان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت كە خوێندكاری خۆی بوو، هاوسەری كەسێكی تر بوو، چەندین تۆماری دەنگی پەیوەندی خۆشەویستیشان بڵاوكرایەوە.
هەر لەهەمان ساڵدا، بڵابوونەوەی هەواڵی کڕینی ئۆتۆمبێلێکی "درع" لەلایەن عەبدوللـەتیفەوە بە ١٠٠ هەزار دۆلار (١٠ دەفتەر دۆلار) دەنگدانەوەو کاردانەوەی لێکەوتەوە، هەرچەندە دواتر ناوبراو بەڕۆژنامەی "ئاوێنە"ی راگەیاند "ئەو ژمارە زۆرەی کە بۆ نرخی سەیارەکەی من دانرابو درۆ بوو، من تەنھا پێنچ دەفتەرم دابوو، ھەر کەسێکیش کە خەڵکی رانیەو چوارقوڕنە بێت دەزانێت کە باوکم لەکەسە دەوڵەمەندەکانی ئەو ناوچەیە بو کە شۆفڵو گەڵابەو غەسالەو کارگەی بلۆکمان ھەبوو".
لەحوزەیرانی ٢٠١٦شدا، نارنجۆكێكى دهستى ههڵدرایه حهوشهى مزگهوتى بهههشت لهئهنجامدا "دكتۆر عەبدوللـەتیف"و سێ كهسى تر بریندار بوون كه دوو فهقێو منداڵێك بوون. عەبدولەتیف ئەوکات رایگەیاند ئەو گومانی لەداعش هەیە، چونكە لەماوەی رابردوو چەند وتاری لەدژی ئەو رەوتە توندڕەوە داوە، هەروەها گوتیشی هەرەشەی جۆڕاو جۆڕم لێدەكرێت. ئەمەش قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمە جگە لەوەی هەمیشە وتارو لێدوانەکانی سەبارەت بەڕۆژئاواو خەڵکی نوێژنەکەرو ژنی بێ محاجەبەو گەنجانو حیزبە ئیسلامییەکانو چەندین مەسەلەی گرنگی دیکە، هەراو کاردانەوەو دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنیت.
عەبدوللـەتیف تەمەنی ٥٥ ساڵە، خوێندنی بەکالۆریۆسی لەبەشی عەرەبی لەزانکۆی موستەنسریە لەشاری بەغدا تەواوکردووە، دواتر ماستەرو دکتۆرای لەزانکۆی تکریت تەواو خوێندووە، پاشان دکتۆرایەکی دیکەی لەسعودیە بەدەستھێناوە.