سەرۆك وەزیرانی عێراق باس ئەنجامدان و كاریگەرییەكانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا بۆ رەوەندی عێراق لە ئەمریكا روونكردەوە و زانیاری لەبارەشیانەوە ئاشكرا كرد.
پاش كۆبوونەوەكانی تا ئێستا ئەنجامیداوە و پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی عێراقی نیشتەجێی ئەمریكا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند:" عێراق بۆ هەموو عێراقییەكانە، وڵات پێویستی بە شارەزایی و ئەزموون، دەرفەت و دەستپێشخەریی كەسایەتییە عێراقییەكان لە ئەمریكا هەیە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەمریكا تایبەتمەندی داوە بە عێراق، لە لێخۆشبونی گومرگی و یاداشتێكی لێكگەیشتن لەگەڵ دامەزراوەكان بە بەهای پێنج ملیار دۆلار واژوو دەكەین، كە سەرجەمیان لەچوارچێوەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیدان".
وتیشی:" دەمانەوێت لە دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا بچینە پەیوەندی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەكە بە پەیوەندییە ئەمنییەكانیشەوە، یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەریش كە لە رێككەوتنی چوارچێوەدا دیاریكراوە ئەنجامدەدرێت، كۆبونەوەكانیش بەردەوام دەبن".
ئەوەشیخستەڕوو:" عێراق ئەمڕۆ شایەتی بوژانەوە و سەقامگیری و ئاسایش و گەشەسەندنی ڕاستەقینەی بێوێنەیە، یەكەم هەنگاوی حكومەتیش چاكسازی لە دامودەزگاكانی ڕێكخستن بوو، رێكارەكانی ئێمەش لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی پیشەییدان، پارەیەكی زۆرمان لە كەسانی داواكراو لە دۆسیەی گەندەڵی وەرگرتەوە كە خاوەنی رەگەزنامەی دیكە بوون، بەشێك لە داواكراوانیش خۆبەخشانە خۆیان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری كرد".
روونیشیكردەوە:" واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای تۆتال بۆ خولی پێنجەم و هەوڵی نیشتیمانی وا دەكات عێراق لە ماوەی سێ تا پێنج ساڵدا بتوانێت خۆبژێوی غاز بەدەستبهێنێت، جگە لەوەش دەستمان بە پرۆژەی پەیوەست بە پاڵاوگەكان كردووە، ساڵی 2024 دوا ساڵ دەبێت بۆ هاوردەكردنی بەرهەمەكانی نەوت".