وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە" بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراقە. دەشڵێت، دڵنیابونی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی موچەکانیان بە بەردەوامی...سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییەدا دەگەڕێت."
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە ئەمریکاوە بە روداوی وت"لەوەش زیاتر، پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە کاری لەپێشینەیە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی عێراق و بەغدایە و بەپێچەوانەشەوە"
ئاماژەی بەوەشدا، گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان "رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت" لەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراق و "دڵنیابونی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی موچەکانیان بە بەردەوامی، بە هەمان شێوە سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییەدا دەگەڕێت."
باسم عەوادی وتیشی، سەرۆکی ئەمریکا، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری پێزانینیان هەبو بۆ ئەو سەقامگیرییەی سودانی لە ساڵێک و نیوی رابردودا هەوڵی بۆ داوە کە ئەو ماوەیە بوە عێراق زۆرترین سەقامگیری بەدیکردوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوت پرسێکی زۆر گرنگە لە بودجەی 2023 و هەناردەی 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەبو بێتە نێو بودجە. بۆیە چارەسەری کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی سەرەکییە و پەیوەستە بە سامان و بودجەی عێراق. حکومەتی عێراقیش هەوڵدەدات لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ هەرێم چارەسەری بکات لە رێگەی شاندەکانەوە کە دێن و دەچن و بەشێکیان رادەگەیێندرێن و بەشێکیشیان راناگەیێندرێن و لەگەڵ راوێژکاران کۆدەبنەوە."