په‌رله‌مانتارێكی عێراق: کوێت زیادەڕۆیی لەسەر سنور و بیرە نەوتییەکانی عێراق کردووە
  2019-09-05       761       

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند ''کوێت جەنگی ئەمریکا لەسەر عێراقی قۆستووەتەوە بۆ زیادەڕۆییکردن لەسەر سنووری ئاوی و وشکانی و بیرە نەوتییەکان''.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشەممە مەنسور بەعێجی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ''کوێت جەنگی ئەمریکا لەسەر عێراقی قۆستووەتەوە بۆ زیادەڕۆییکردن لەسەر سنووری ئاوی و وشکانی و بیرە نەوتییەکانی نێوانیان''.

مەنسور بەعێجی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ''پێویستە لەسەر حکوومەتی عێراق تەواوی رێوشوێنە یاساییەکان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سنووری ھەرێمی عێراق، لەکاتێکدا زیادەرۆییەکانی کوێت زۆرە''.

مەنسور بەعێجی ئەوەشی وت ''کوێت دۆخی جیاوازی وڵاتەکەی لەبەرچاو نەگرتووە و زیادەرۆیی کردووە لەسەر سنوورە ئاوی و وشکانی و بیرە نەوتییەکان''.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە کاردانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارە کوێتییەکان لەبەرامبەر سکاڵای عێراق لە لای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو زیادەرۆییانەی کراونەتە سەر خاکی عێراق و بیرە نەوتییەکانی، لەکاتێکدا ئەوان باش ئەو زیادەرۆییانە دەزانن کە لە رووی ھەرێمایەتییەوە کراوەتەوە سەر عێراق.

مەنسور بەعێجی داوای کردووە، کوێت لە رابردوودا نەژیت و باش ئەوە بزانێت کە رژێمی پێشوو کۆتایی ھاتووە، ھەروەھا ئەرکی دراوسێیەتی نێوان دوو وڵات لەبەرچاو بگرێت، لەکاتێکدا عێراق لە ماوەی رابردوودا لەسەر حسابی گەلی عێراق قەرەبووی گەورەی بە کوێت داوەتەوە لەسەر سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو بە داگیرکردنی ئەو وڵاتە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو رۆژنامەی ئەلڕەئی کوێتی بڵاویکردەوە کە عێراق لە رۆژی حەوتی ئابی رابردوو نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و تیایدا کوێت تۆمەتبار دەکات بە پێڕەوکردنی سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری جوگرافی لە سنووری ئاوی نێوان دوو وڵاتدا.

ئەم ھەواڵەش نیگەرانی و کاردانەوەی توندی پەرلەمانتارانی کوێتی لێکەوتەوە و داوایان کرد وڵاتەکەیان وەک وەڵامدانەوەیەک کاردانەوەی کردەیی و بابەتی و رێوشوێنی ئەمنی و دیبلۆماسی بگرێتەبەر.

عێراق و کوێت لە ساڵی ٢٠١٢ رێککەوتننامەیەکی تایبەت بە سنوورەکانی نێوانیان ئیمزاکردووە کە ئامانج لێی ھاوکاری ھەردوو وڵاتە لە رێکخستنی سنووری وشکانی و ئاوی نێوانیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×