قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دهڵێت، بەرەوپێشچون لەبارەی پرسی بودجەی ھەرێمو موچەی موچەخۆران ھەیەو ھەموو ھەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن. جهختلهوهش دهكاتهوه كه ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
ئاوێنه: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لەوەفدێکی سێناتی ئەمریکاو لەکۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئەمریکا و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
لهڕاگهیهندراوی نوسینگهی جێگری سەرۆک وەزیراندا هاتووه، لەکۆبونەوەکەدا وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ ھەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بەگرنگیدان بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکوەزیران، سوپاسی پشتیوانی و ھاوکارییەکانی ئەمریکای کردووه بۆ ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە روبەڕونەوەی تیرۆرو پرۆسەی چاکسازیی لەھێزەکانی پێشمەرگەدا.
لەتەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا، ھەردوولا ھاوڕابوون کە ھەماھەنگیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لهبارهی ههڵبژاردنهوهو بهپێی ڕاگهیهندراوهكه، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووه؛ ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری ھەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی ھەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێم دەخاتە مەترسییەوە.
سەبارەت بەپەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەداوه، بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی ھەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھەیە. وتوشییهتی، ھەموو ھەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیەو کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی دیکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.