یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا دهڵێت، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان -پەکەکە- بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن. داواش لهیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دهكات واز لەپشتیوانی پهكهكه بهێنن، "ئەگەر دەتانەوێت بە ئارامی لەوێ بژین، خۆتان لە پەکەکە ڕزگار بکەن."
ئاوێنه: وەزیری بەرگریی تورکیا لەمیانی بەشداریکردن لەبەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن تورک، لەبارەی پێشهاتەکانەوە دواو وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
یەشار گولەر بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن، لهو ڕوهوه وتی، "وەک ئەوەی لەدوایەمین کۆبونەوە سەرکۆمار (ئەردۆغان) بەڕاشکاوی ئاماژەی پێدا، بەینک [یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان] دەڵێین واز لەو کارە بهێنن. ئەگەر دەتانەوێت بەئارامی لەوێ بژین، خۆتان لەپەکەکە ڕزگار بکەن. کەشێک دروست بکەن کە لەگەڵ خەڵکی ئێمە لەئارامیدا بژین. ئێمەیش هاوکاریان دەبین بۆ ئەوە".
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ستراتیجییەتی خۆیان گۆڕیوە لەدژی پەکەکەو ڕایگهیاند، "پەکەکە لەسەرچاوەکەیەوە وشک دەکەین. بە هۆی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانمانەوە لە 'باکوری عێراق' پەکەکە ئەو ناوچانە جێدەهێڵن کە چەندین ساڵە لەژێردەستیاندا بوون و بەرەو باشور دەکشێنەوە".
وتیشی، "بۆ ئەوەی سەرچاوەی پەکەکە ڕیشەکێش بکەین کە چەندین ساڵ بو لەعێراقەوە دەهاتن و هێرشیان ئەنجامدەدا، کۆتایی بەناوبڕی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەدەین و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام ئەنجامدەدەین".
وەزیری بەرگریی تورکیا ڕەخنەی لەئێران گرت بەوەی لەبەرەنگاربونەوەی پەکەکەدا هاوکاری تورکیا ناکات، ڕاشیگهیاند، "بەدۆستە ئێرانییەکانمان ڕاگەیاندووە لە ڕێگای چاودێری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەزانین کە 'چەکدارانی پەکەکە' لەکوێوە دەچنە ناو خاکی ئێران. کەچی ئەوان دەڵێن 'کوا کەسی لێ نییە'. ئەمە شتێکی خۆش نییە و بێزار و نیگەرانین لەوە".