موحسن مەندەلاوی، سهرۆكی پهرلهمانی عێراق بەوەکالەت داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات بۆ بەدواداچونی پرسی تاوانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان.
ئاوێنه: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سهرۆكی پهرلهمانی عێراق بەوەکالەت لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، موحسن مەندەلاوی لەکۆنفرانسی توانایی و لێھاتووییەکانی کوردانی فەیلی کە لەژێر دروشمی "کوردی فەیلی توانا و بنەمایە بۆ دروستکردنی داھاتوو، لە بەغدا سازکراوە، ئاماژەی بەقوربانیدانی کوردانی فەیلی کردووە لەبەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری و ستەمکاریی ڕژێمی دیکتاتۆریدا و وتویەتی، "لەدوای ئازادکردنی عێراق، قوربانیدانی کوردانی فەیلی بەردەوام بوو، چونکە ھەڵوێستی بوێرانەیان لە دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان گرتەبەر و فەتوای جیھادیان جێبەجێ کرد کە لەلایەن مەرجەعی باڵاوە دەرکرا".
موحسن مەندەلاوی باسی لەوەشکردووە کە تەنھا دیموکراسی بەس نییە بۆ سەرکەوتن لە بنیاتنانی بناغەی باش بۆ دەوڵەت، بەڵکو ئەو کارە پێویستی بە ئەزموون و پلاندانانی زانستی ھەیە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، موحسن مەندەلاوی ئاماژەی بەوەشداوە کە باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە مافەکانی فەیلییەکان و گواستنەوەیان بۆ قۆناغێکی کردەیی، ئەوەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
سهرۆكی پهرلهمانی عێراق بەوەکالەت لە بەشێکی قسەکانیدا داوایکردووە کە لیژنەیەک پێکبھێندرێت بۆ پێداچوونەوە بەجێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە (تاوانی ئاوارەبوون بە تاوانی جینۆساید ناساندووە)، ھەروەھا دۆسیەیەکی تایبەت بە بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر کوردانی فەیلی ئەنجامدراوە ئامادە بکرێت و دواتر پێشکەش بە ڕای گشتی لە عێراق و نێودەوڵەتی بکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، موحسن مەندەلاوی ھەروەھا داوای لە حکومەت کردووە کە پارچە زەوییەک لە بەغدا تەرخان بکات بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی تایبەت سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەرامبەر بە کوردی فەیلی ئەنجامدراون و داواشی کردووە کە ساڵانە کۆنفرانسێک بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی کوردانی فەیلی ساز بکرێت.