وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
  2024-05-04       296       
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێڕاق


وەزیری نەوتی عێڕاق ده‌ڵێت، دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی‌ كوردستان بگەینە ئەنجام‌و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان -ئەپیکوریش پێشوازی له‌و هه‌وڵه‌ ده‌كات.

ئاوێنه‌: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێڕاق بەمیدیا عێراقییەکانی راگەیاندووه‌، دو لیژنەی یاسایی و هونەریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە بۆ رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بەوەزارەتەکەیان و هەناردەکردنی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.

وتیشی‌، دەبێت لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان بگەن بەئەنجام و نەوتی هەرێمی کوردستان بەیەکجاریی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو، لیژنەکان پێکهاتون لەنوێنەرانی هەردو وەزارەتەکانی نەوت‌و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بەغداد.

حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاندووە، ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 375 هەزار بەرمیلە، لەو بڕەش رۆژانە 46 هەزار بەرمیلی بەکاردەبرێت بۆ وەگەڕخستنی پاڵاوگەکان، 329 بەرمیل دەمێنێتەوە، ئەمەش ئەو بڕەیە کە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵی بکرێت، تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.

له‌به‌رامبه‌ردا مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بەئەپیکور لەراگەیه‌ندراوێکدا پێشوازی لەپێکهێنانی ئەو لیژنە هاوبەشەی نێوان هەولێرو بەغدا کردووه‌ بەئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا.
 
کاگینز دەڵێت، ئەوان وەک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، "چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادار بکرێینەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆمان لەو دانوستاندنانە بگێڕین."

رۆژی 25ی 3ی‌ 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌ دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بو.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×