بڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، وه‌فدێكی بانكی بازرگانی عێراقی -TBI- سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆببێتەوە. بەرپرسی راگەیاندنی بانکەکەش ده‌ڵێت، سه‌ردانه‌كه بۆ دانانی میکانیزمێکه لەبارەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان‌و ڕه‌تیشیده‌كاته‌وه ئەوان به‌شداری لەپڕۆژەی “هەژماری من”ـدا بكه‌ن.
ئاوێنه: ئەحمەد خەزرەجی، بەرپرسی راگەیاندنی بانكی بازرگانی عێراقی -TBI- بەماڵپه‌ری زومی وتووه، سبەینێ لەهەولێر لەگەڵ وه‌فدی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ دانانی میکانیزمێک لەبارەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
وتیشی، سەردانەکە لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەو بەشێکە لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
بەرپرسی راگەیاندنی بانکی بازرگانیی عێراقی جەختیکردۆتەوە كه بانکەکە بەشدار نابێت لەپڕۆژەی “هەژماری من”ـی حکومەتی هەرێم و لەکۆبونەوەکانیشدا باس ناکرێت.
ده‌شڵێت، لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان هەردولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبانکیکردنی موچەی موچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه میدیای سه‌رۆكی خكومهتی هه‌رێمی كوردستان له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌تیمی "هه‌ژماری من" بڵاویكرده‌وه كه ئامانجی سه‌ردانی وه‌فدەکەی بانكی بازرگانی عێراقی بۆ هه‌ولێر، بۆ گفتوگۆکردنە له‌باره‌ی چۆنییەتی به‌شداریكردنی بانكی -TBI- له‌پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من".
گفتوگۆکانی نێوان حكومه‌تی هەرێمی کوردستان‌و حكومه‌تی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هێشتا بێئەنجامەو حکومەتی هەرێمی کوردستان جه‌ختله‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت به‌بانكیكردنی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی "هەژماری من"ه‌وه بێت، به‌ڵام به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی 21ی 2ی 2024ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ده‌بێت به‌بانكیكردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی بانكه فیدراڵییه‌كانی رەشیدو رافیدەین‌و بانکی بازرگانیی عێراقه‌وه بێت.