ژیان لەچاکسازییەکانی ژنان چۆن دەگوزەرێت؟
  2024-05-04       544       
خزمەتگوزاریی لەگرتووخانەکانی چاکسازی وەک پێویست بۆ بەندکراوان دەستەبەر نەکراون

ئا: تەرزە عەبدوڵا

 

ژنانی بەندکراوی نێو چاکسازییەکان دەڵێن "بەدەست چەندین کێشەوە گیرۆدەین، هەر لەقەرەباڵغی ناو هۆڵی چاکسازییەکان‌‌و کۆنی بیناکان‌و نەبوونی ژەمە خۆراکی تەندروست‌و نەبوونی مافی خۆشۆردن لەکاتی گونجاوو نەبونی خزمەتگوزاریی پزیشکی تایبەت بەژنان‌و نەبوونی پاسەوانی راهێنراو‌و ئیدارەیەکی کارامەی تایبەتمەند بەچاکسازیی ژنان تا بەپێی رێساکانی مافی مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت"، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت "هەموو بەندکراوان ژمارەی منیان لایە، هەر کێشەیەک هەبێت تەلەفۆنم بۆ دەکەن".

 

٦ چاکسازیی‌و ٥٣٢٠ بەندکراو

لەهەرێمی کوردستان شەش گرتوخانەی چاکسازی لەپارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی‌و دهۆک هەن، سێ چاکسازییان تایبەتە بەپیاوان، سێ چاکسازییەکەی دیکەش تایبەتن بەژنان‌و نەوجەوانان، بینای هەر شەشیان زۆر کۆنەو مێژووی دروستکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو، تەمەنی هەر بینایەکیان زیاتر لەنیو سەدەیە، روبەرەکانیان زۆر بچوکەو توانای لەخۆگرتنی ژمارەی سزادراوانی ئێستای نییە.

بەپێی کۆتا ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان تا مانگی نیسانی ٢٠٢٤، پێنج هەزارو ٣٢٠ کەس لەزیندانەکانی چاکسازییدا هەن، پیاوان چوار هەزارو  ٧٣٦ کەس، ژنان ٣٢٩ کەس، نەوجەوانانی کچان ٦٣ کەس، نەوجەوانانی کوڕان ١٩٢ کەس.

ژنانی بەندکراو قژیان پڕ لەڕشک‌و ئەسپێ بووە

 

ژنێکی سزادراو: بێنرخترین شت لەگرتووخانەدا مرۆڤە

بێریڤان ئەیوب، ژنێکی بەندکراوی ناو بەشی ژنانی چاکسازی ژنان‌و نەوجەوانانی هەولێر بووە، ماوەی دوو ساڵ حوکمی لەزیندانەکە بەسەربردوە، کاتێک بەنائومێدییەوە لەبارەی دۆخی زیندانەکان دەدوێ، یەکەم قسەی ئەوەیە کە "ئەوەی لەزیندان زۆە بێ نرخە مرۆڤە کە هیچ مافێکی نییە".

بەپێی وتەکانی بێریڤان، هیچ خزمەتگوزارییەک لەگرتووخانەکان بۆ سزادراوان وەک پێویست دەستەبەر نەکراون، ئەو بەئاوێنەی وت "بینایەکی زۆر کۆن‌و وێران، زۆربەی خواردنەکان ترشاو، هەر هۆڵێک ٣٥ بۆ ٤٠ کەسی تێدابوو کە بەپێی تاوانەکان جیانەکرابوونەوە، لەهاویناندا تەنها کارتۆنێک ئاو دەهێنرا بەشی کاتژمێرێکی نەدەکرد، ئەمە جگە لەوەی ئاوەکە سارد نەبوو، لەهاویندا تەنها فێنککەرەوەیەک‌و لەزستانیشدا هیچ گەرمکەرەوەیەک نەبوو، تەنها دوو حەمام بۆ ٦٠ بۆ ٧٠ کەس هەبوو، جاری وابوو بەهەفتە ئاویش بۆ خۆشۆردن نەبوو، تەنها دوو تەوالێت هەبوو، دەبوو سەرەت بگرتایە".

بەپێی وتەکانی بێریڤان، بینای چاکسازییەکە هێندە کۆن‌و بێ خزمەت بووە، بەهۆی شێداریی‌و کەڕووی هۆڵەکان‌و نەبوونی ئاوی تەندروست‌و خراپی خواردنەکان زۆرینەی ژنەکان تووشی نەخۆشی پێست‌و گەدە بوون، قژیان پڕ ڕشک‌و ئەسپێ بووە، ئەو وتی "ڕۆژانە تەنها کاتژمێرێک دەچووینە حەوشەی زیندان، ئەویش لەسەرەگرتن بۆ چونە حانوت کاتمان دەڕۆیشت، ڕۆژ ناڕۆژێک تەنها ١٠ خولەک مافی تەلەفۆنکردن هەبوو، کە دەبوو هەفتانە ١٠ هەزار دینار بۆ تەلەفۆن بدەین".

وتیشی "توێژەرێکی دەروونی لەزیندانەکەدا هەبوو هەر کەسێک دەچووە لای کە دەهاتەوە دەگریا، بەژنەکانم دەگوت ئەمە خۆی پێویستی بەتوێژەری دەروونییە، زۆربەی ژنەکان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، هەندێکیان هەموو دەستی خۆیان بەجگەرە دەسووتان‌و بۆ چارەسەر تەنها حەبی خەویان پێدەدان".

لەبارەی کارگێڕی چاکسازییەکەو کارمەندەکان، بێریڤان وتی "هەندێک لەکارمەندەکان زۆر باش بوون، لەگەڵ مندا بۆ خەمەکانی من دەگریان، هەندێکیشیان زۆر خراپ بوون، بۆ سزادانی ژنان پاسەوانە پیاوانەکانیان بانگ دەکرد، بەهەفتە لەزیندانی تاکە کەسیدا دەهێڵرانەوە".

وتیشی "توندوتیژیی جەستەیی‌و دەروونی زۆری ژنان دەدرا، جنێوو سوکایەتییان پێدەکرا، کتێبخانەمان هەبوو، ١٠ جار داوامان دەکرد، ئینجا یەکجار دەیانهێشت بچین".

 

ژنێک: تا نەچیتە گرتووخانەوە نازانیت چ دۆزەخێکە

ئەیهان – ناوێکی خوازراوە - بەر لە دوو ساڵ بۆ ماوەی زیاتر لەدوو مانگ لەگرتووخانەیەکی چاکسازی ژنان بووە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات لەناو گرتووخانەکانی چاکسازی هیچ کاتێک وەک ژنێک مامەڵەیان لەگەڵ نەکردوە، ئەیهان وتی "ئەو پاسەوانانەی لەوێ بوون تەنها بەجەستە ژن بوون، هەموویان وەک پیاوێک مامەڵەیان دەکرد، یەکێک خۆی نەخرێتە زیندان، نازانێت زیندان چ دۆزەخێکە، منیش دەموت نەخێر ناکرێت ناو گرتووخانەکان بەو جۆرە بێت، بەڵام زۆر لەوە خراپتر بوو کە پێشتر بیستبووم، بەتانییەکان پڕ بوون لەڕشک‌و ئەسپێ، ئەو هۆڵەی منی لێبووم لە٤٠ کەس ٢٥یان تووشی کۆرۆنا بوون، نەیانبردنە نەخۆشخانە".

وتیشی "تیشێرتێکم شۆردبوو هەڵمخستبوو وشک ببێتەوە، دوای کاتژمێرێک چوومەوە نەمابوو، وتیان ژنەکانی تر دزیویانە، دوای دوو هەفتە لەناو ئەو جلانە هێنایانەوە کە دەیانفرۆشت‌و تیشێرتەکەی خۆمیان پێفرۆشتمەوە، نەدەبوو کتێبێک ببەیتە ناو هۆڵەکە، بەندکراوەکان بەپێی سزاکانیان جیانەکرابووەنەوەو چەندین جۆر تێکەڵ کرابوون، ئەم گرتووخانانە شوێنی چاکسازیی نین، خۆشترین وشەیان لەگەڵ تۆ حەیوان بوو، جنێو ببوە شتێکی زۆر ئاسایی، ئەوەی لەوێ بێنرخ بوو مرۆڤ بوو".

کێشەی سەرەکی نەبوونی لێبووردنی گشتییە بەشێوەیەکی ڕێکخراوو گونجاو

 

سەرۆکی ڕێکخراوێک: ژنێک وتی کارمەندەکان ئەشکەنجەمان دەدەن

بەهێزکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ لەچاکسازییەکانی ژنان، هەوڵێکە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی کەلتوور کاری بۆ دەکرێت، بەئامانجی باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکانی ژنان لەکوردستان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.

سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی کەلتوور، سەمیرە ساڵح ماوەی دوو ساڵە بەردەوام سەردانی چاکسازی ژنان‌و نەوجەوانانی سلێمانی دەکات، بەپێی قسەی خۆی "بەڕێوەبەرو بەرپرسانی چاکسازییەکە هاوکاریی پێویستیان کردووە"، سەمیرە وتی "ئەو بینایەی کە ژنەکانی لێن زۆر کۆنە، بەراورد بەژمارەی بەندکراوەکان روبەری بیناکە زۆر بچووکە، ڕێگانادرێت بچینە ناو هۆڵەکان، بەڵام ناوڕەڕەوو بەشی کتێبخانەکان زۆر باش نۆژەنکراونەتەوە، فێنکەرەوەو گەرمکەرەوەیان تیایە".

وتیشی "بێتاقەتی‌و بێزاری بەڕووخساری هەموو ژنەکانەوە دیارە، کە دەچوم بۆلایان توند لەباوەشیان دەگرتم، دەیانووت توخوا زووزوو وەرە بۆلامان، بەڵام کە دەیانەویست شتێک بڵێن کارمەندەکانیان دەبینی یەکسەر بێدەنگ دەبون، ژنێکیان پێیوتم ئەگەر قسەبکەین دواتر کارمەندەکان ئەشکەنجەمان دەدەن".

بەپێی وتەکانی ئەو چالاکوانە، ژنەکان زۆرن لەچاکسازییەکەدا، هۆڵەکان قەرەباڵغن، لەگەڵ یەکتر تووشی شەڕو کێشە دەبن، بۆیە دەبێت هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدرێت، ئەو وتی "پێموایە ئەگەر بیناکە گەورە بکرێت ئەوا کێشەیان نامێنێت، چونکە بەهۆی قەرەباڵغییەوە تووشی شەڕ لەگەڵ یەکتر دەبن".

 

پەرلەمانتارێکی پێشوو: ژنەکان دەروونیان هاڕەی کردوە

کێشەکانی بەندکراوانی ژنان وا دەخوازێ چ لەدەقی یاسایی یان پراکتیکدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوەو رێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر بۆ باشتر بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان، بەتایبەتی لەڕووی گەشەدان بەتواناو کارامەیی بەرپرسان‌و کارمەندان‌ بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی مافی بەندکراوان.

ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەخولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بەدریە ئیسماعیل لەبارەی دۆخی هەر سێ چاکسازییەکانی ژنانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کۆمەڵێک لەبێ مافی هەبووە، ژینگەو شوێنی مانەوەی بینای چاکسازییەکان باش بوون، بەڵام بیناکان زۆر خراپن‌و کۆن بوون، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "نەمبیستووە لەزیندانەکان ئەشکەنجە بدرێن، ڕەنگە سزادان هەبێت، ژنەکان لەبارێکی دەروونی زۆر خراپدان، بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگاوە بەشێکی بەرچاویان خێزانەکانیان حاشایان لێکردوون، بەشێکیان دایکن منداڵەکانیان لێ دوورخراوەتەوە، هاوسەرەکانیان لێیان جیابوونەتەوە، بۆیە دەروونیان هاڕەی کردوە".

بەدریە ئەوەی خستەڕوو کێشەی سەرەکی نەبوونی لێبووردنی گشتییە بەشێوەیەکی ڕێکخراوو گونجاو، چونکە بەشێکی زۆری کێشەکان بەهۆی قەرەباڵغی‌و بچوکی روبەرو کۆنی بینای چاکسازییەکانەوەیە، بۆیە ئەگەر لێبووردنی گشتی دەربچێت ئاوا زیندانەکان تا ئاستێکی بەرچاو چۆڵ دەبن‌و ئەو هەموو کێشەیەش ڕوونادات.

کێشەی گەورەی ژنانی بەندکراو حاشاکردنی خێزانەکانە لێیان

 

توێژەرێک لەچاکسازی: هەندێک لەژنەکان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن

سزادراوەکان تەنها لەڕووی بیناو شوێنەوە کێشەیان نییە، بەڵکو لەڕووی دەروونیشەوە ماندوون‌و کێشەکانیان زیاتردەبێت.

توێژەری دەروونی لەگرتووخانەی چاکسازی ژنان‌و نەوجەوانانی سلێمانی، کاروان حەمەفەرەج ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ژنەکان لەکۆمەڵگادا ڕۆڵیان زۆرە، دایکن‌و خەمخۆرن، پارێزەری ماڵ‌و خێزانن، بۆیە کاتێک دەکەونە گرتووخانە دۆخیان زۆر سەختتر دەبێت، ئەو وتی "گرتووخانە بۆ هەموو تاکێک ترۆمایە، بۆ سزادراوەکان سەختترە، زۆربەیان تووشی خەمۆکی‌و تەنگەژەی دەروونی دەبن، هەندێکیان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن".

وتیشی "زۆرینەی ژنە بەندکراوەکان لەو خێزانانەوە دێن کە هەڵوەشاوەن، کێشەی گەورەی ژنان حاشاکردنی خێزانەکانە لێیان، هەندێکیان تەنانەت خێزانەکانیان نایەن سەردانیشیان بکەن، دابڕانی منداڵەکانیانە لێیان، کەوادەکات هەمیشە خەمبار بن‌و بگرین، بۆ ئەوانەی هاوسەرگیریشیان نەکردووە، ترسیانە لەتێڕوانینی کۆمەڵگا بۆیان، کە بەچاوێکی کەمتر سەیربکرێن".

بۆ چارەسەری کێشەکانیان لە ڕووی دەروونیەوە، لە چاکسازییەکان توێژەری دەروونی هەیە، بەپێی وتەکانی ئەو توێژەرە دەروونییە، بەردەوام دانیشتنیان لەگەڵ پزیشک‌و توێژەرە دەروونییەکان هەیە، بەردەوام چارەسەر وەردەگرن، ڕاهێنانی بەردەوامیان هەیە، ئەو وتی "بەشێکی تایبەت بەپردی پەیوەندی نێوان خێزان‌و زیندانیکراوەکە هەیە، کە هەوڵ بۆ ئاشتکردنەوەی خێزانەکان لەگەڵ سزادراوەکە دەدرێت، تا ئاستێکی باش کاریگەریان هەبووە، ئەمەش بۆ دۆخی دەروونی ژنەکان زۆر گرنگە".

 

بەرپرسی داواکاری گشتی هەولێر: زۆرجار بۆ ئازاری ژنانی بەندکراو گریاوم

لەناو هەموو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا فەرمانگەی داواکاری گشتی هەیە، کە چاودێری‌و بەداواداچوون بۆ کەیسی بەندکراوەکان دەکات، هەروەها چاودێری دۆخی تەندروستی‌و دابینکردنی خواردن‌و پێداویستییەکانی زیندانیکراوەکان‌و هەوڵ بۆ لێخۆشبوونی چارەکی کۆتایی سزای سزادراوەکان دەکات.

بەرپرسی داواکاری گشتی ناو چاکسازییەکانی ژنان‌و نەوجەوانانی هەولێر، کەژاڵ نایف ئاماژەی بەوە کرد لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە هەموو پاڵپشتییەکیان بۆ کارکردنی چارەسەری هەر کێشەیەک کە لەچاکسازییەکان هەیە، بەردەوام زیندانیکراوەکان سەردانیان دەکەن بۆ ڕێنماییکردن‌و دۆخی کەیسەکان، بەردەوام هۆشداری یاسایی بەسزادراوەکان دەگەیەنن، ئەو وتی "وەک ژنێک کە گفتوگۆم لەگەڵ ژنانی ناو چاکسازییەکان‌ کردوەو گوێم لەئازارەکانیان گرتووە کە دوورن لەخێزان‌و منداڵەکانیان‌و ئازاری دەروونی دەچێژن، زۆرجار گریاوم".

 

بەڕێوەبەری چاکسازی ژنانی سلێمانی: 

بەهەموو شێوەیەک بوونی ئەشکەنجە ڕەتدەکەینەوە، بەڵام سزامان هەیە

بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان‌و نەوجەوانانی سلێمانی، فوئاد جەزا ئاماژە بەوە دەکات تا سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٤، نزیکەی ٦٠ زیندانیکراوی ژنیان هەبوەو دابەشکراون بەسەر شەش هۆڵدا، واتە هەر ژوورێک ١٠ سزادراوی تێدایە، ئەو وتی "هاوکات قوتابخانە لەزیندانەکە هەیە، کتێبخانە، شوێنی خول‌و فێرکاری هەیە، لەهەموو هۆڵێکدا دوو تەوالێت‌و دوو حەمام هەیە، سپلێت بۆ هەوای گەرم‌و سارد هەیە، لیژنە بۆ بەدواداچوونی خواردنەکان هەیە، سەرەتا دەبێت لیژنەکە خواردنەکە بخوات، ساڵانە دوو جار لەوەزری هاوین‌و دوو جار لەوەرزی زستاندا جلوبەرگیان بۆ دابیندەکرێت".

وتیشی "لەناو هۆڵەکاندا تەلەفزیۆن هەیە، کەناڵی ناوخۆیی‌و سەتەلایت هەیە، دەتوانن تەلەفۆن بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان لەفایلەکانیاندا دیارییان کردووەو بەهیچ شێوەیەک گوێ لەتەلەفۆنەکانیشیان ناگیرێت".

لەبارەی بوونی ئەشکەنجەدان لەناو گرتووخانەی چاکسازی ژنانی سلێمانیدا، ئەو وتی "بەهەموو شێوەیەک بوونی ئەشکەنجە ڕەتدەکەینەوە، بەڵکو بەپێی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران سزامان هەیە بۆ ئەو زیندانییەی کە کێشەو گرفت لەچاکسازییەکان دروستبکات، یاخود سەرپێچی ڕێنماییەکانی ناو چاکسازییەکان بکات، کە بەلیژنە ئەم سزایانە بۆ ماوەیەکی کاتی دیاریدەکرێت، کە دەکرێت قەدەغەی پەیوەندیکردن یاخود سەردانکردن یاخود ڕێگری چوون بۆ وەرزش بێت، توندترینیان سزای ژووری تاکەکەسییە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو".

گرتووخانەکانی چاکسازی قەرەباڵغ‌و شوێنێکی نەشیاون بۆ ژیانی مرۆڤ

 

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان: 

چاکسازی هەولێر بۆ ١٠٠ کەسە، ئێستا ٣٧٩ زیندانیکراوی تێدایە

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئیحسان عەبدولڕەحمان باس لەهەبوونی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دەکات بۆ بەندکراوان، لەوانە تەلەفون، پەیوەندی لەڕێگای ڤیدیۆیی، مۆڵەتی هاتنەوە بۆ ماڵەوە، کە سزادراوەکە دەبێت چارەکی حوکمەکەی تەواو کرد بێت، سێ مانگ جارێک هەفتەیەک دەچێتە ماڵەوە، ژوانی خێزانی بۆ هاوسەرەکان هەیە، کە ڕێژەی جیابوونەوەی لە خێزانەکاندا ١٠٠% کەمکردووەتەوە، شەش قوتابخانە لەناو هەر شەش چاکسازییەکەدا هەیەو ئێستا ٤٠٢ کەسیان خوێندکارن کە ٤٢یان خوێندکاری زانکۆو پەیمانگان، کتێبخانە، هۆڵی سیمینارو وۆرکشۆپ، پارێزەر بێبەرامبەر دابیندەکرێت، خولی ڕاهێنان‌و فێرکاری هەیەو ساڵی ڕابردوو ١٣٦ خول کراونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە"ئاوێنە"ی وت "ڕۆژانەو هەفتانە بەدواداچوون بۆ زینداییەکان‌و پێداویستییەکانیان دەکرێت، بنکەی تەندروستی هەیەو نەشتەرگەری بێبەرامبەرە، ئەکادیمیای چاکسازیی هەیە بۆ ڕاهێنانەوەی کارمەندەکانی چاکسازییەکان، هەفتانە وتاری ئاینی هەیە، بەشێکی تایبەتی یاسایی بۆ بەدواداچوون بۆ لایەنی یاسایی سزادراوان هەیە، لەچاکسازییەکان پزیشکی دەروونی‌و توێژەری دەرونی هەیە دۆخی سزدراوەکە دواتر دەکرێتە ڕاپۆرت‌و دەدرێتە دادوەر".

ئەو بەڕێوەبەرە هاوشێوەی بەرپرسەکانی دیکە کۆنی‌و خراپی بیناکانی دووپاتکردەوە، ئاشکرای کرد بۆ چارەسەری کۆنی‌و بچووکی بیناکان، ئێستا لەهەولێر دروستکردنی چاکسازی ژنان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ٦٠%ی کارەکانی تەواوکراوە، لەدهۆکیش لەقۆناغە سەرەتاییەکانی بواری جێبەجێکردندایە، لەسلێمانی سەرقاڵن تا دروستکردنی چاکسازییە نوێیەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو وتی "چاکسازی هەولێر بۆ ١٠٠ کەسە، ئێستا ٣٧٩ زیندانیکراوی تێدایە، قەرەباڵغەو شوێنێکی نەشیاوە بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵام باشترین چارەسەر لێبووردنی گشتییە، کە ئەگەر دەربچێت ئەوا هەزارو ٧٠٠ بۆ دوو هەزار کەس دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پەرلەمان ئێستا ناتوانرێت هیچ بکرێت".

لەبارەی خراپی خواردنەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئێستا لەڕێگای تەندەرین‌و کۆمپانیاکانەوەیە، تەنانەت کۆمپانیاو حانوت بەهۆی خراپی خواردن‌و گرانی نرخ سزادراون، ئەو وتی "هەر توێژەرێکی دەرونی هەڵەی کردبێت سزادراوە، تەنها لەچاکسازی هەولێر بەلیژنە چوار کارمەند لەسەر خراپی مامەڵە سزادراون، بێڕێزی‌و سوکایەتی قەدەغەیە".

 

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: هەموو بەندکراوان ژمارە تەلەفونی منیان لایە

بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ یەکێک لەمافەکان بۆ زیندانیکراوان مافی خۆراکە، کە تەنها دابینکردنی ژەمەکان بەس نین بۆ پاراستنی تەندروستی‌و هێزی تەواوی زیندانیکراوەکە، هەروەها مافی پاکوخاوێنی‌و خۆشۆردن‌و خزمەتگوزاریی پزیشکی بەتایبەتی بۆ ژنان.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە"ئاوێنە"ی رایگەیاند، لەماوەی کاری ئەودا، بەردەوام هەوڵ بۆ ڕێکخستن‌و چاککردنی دۆخی بەندکراوان دراوەو بابەتی خراپی خواردن‌و خراپی مامەڵەی کارمەندەکان‌و بوونی ئەشکەنجە لەچاکسازییەکان ڕەتدەکاتەوە، ئەو وتی "کۆمپانیا هەیە کردومانەتە لیستی ڕەشەوە بەهۆی خراپی خواردنەکانیەوە، لەبەر خاتری سزادراوەکە سزای کارمەندو بەڕێوەبەری چاکسازییەکانم داوە".

وتیشی "هەموو بەندکراوانی چاکسازی ژمارەی منیان لایە، هەر کێشەیەک هەبێت تەلەفۆنم بۆ دەکەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×