وەزیری پەروەردە لەبارەی دامەزراندنی وانەبێژان ڕوونکردنەوە دەدات
  2024-05-05       241       

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی 30-04-2024، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوومەوە. کۆبوونەوەکە نزیکەی 45 خولەکی خایاند، نزیکەی 15 خولەکم تەرخان کرد بۆ باسکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان. هەروەها باسمان لەو شایستە داراییانە کرد کە پێویستە ئەوانیش وەکو هەموو وانەبێژانی دیکەی عێراق وەری بگرن".

دەشڵێت، "ڕۆژی 23-04-2024، نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق کراوە". 

وتیشی، "لە کۆبوونەوەیەکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا، نووسراوەکەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕادەستی جێگری بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، چونکە ئەو کات بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە میسر بوو".

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، بێجگە لەو نووسراوانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی مامۆستانی وانەبێژ ئاراستەی بەغدا کراوە، خۆیشی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسراوێکی دیکەی بۆ هەمان مەبەست لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بردووە و ڕادەستی سوودانیی کردووە. 

 ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە نووسراوەکەمان بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئەوانین بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەست".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×