فەوزی ھەریری، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران ده‌ڵێت، به‌مه‌به‌ستی پتەوکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندییە دو قوڵییەکانە. جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه "ناهێڵین هیچ مەترسییەک لەهەرێمەوە بۆ سەر ئێران‌و تورکیا دروستبكرێت.
ئاوێنه: فەوزی ھەریری له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە. ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".
ئێران و هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی هەریری باسی کرد، پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریی مێژووییان لەنێوانیاندا هەیە. وتیشی، "هەروەکو چۆن لەگەڵ تورکیا باشترین پەیوەندیمان هەیە، دەبێت هەمان ئاراستە لەگەڵ ئێران هەوڵ بدەین؛ بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت".
بەوتەی سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، "پتەوکردنی پەیوەندییەکان و نوێکردنەوەی هەندێکیانە لە هەموو بوارەکاندا". ئاماژەی بەوەش کرد، "گەشبینین کێشەکان، ئەگەر هەبن، چارەسەر بکرێن".
سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە هەرگیز ناهێڵین هیچ مەترسییەک لەهەرێمی کوردستانەوە بکرێتە سەر ئێران، تورکیا و سووریا."
ئەو شاندەی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات، لە جێگرانی سه‌رۆك و وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان پێكدێت.